تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم بۆ خوێندکارانی قۆناغەکانی 4-11 لە هەرێمی کوردستان دەستیانپێکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان خوێندکارانی قۆناغەکانی 4-11 دەست بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەمی خوێندن کرا.
بڕیارە تاقیکردنەوەکان تا 18 ی ئەم مانگە بەردەوام بن و لە 26 ی مانگیشەوە وەرزی دووەمی خوێندن دەستپێبکات.
بەهۆی بایکۆتکردنی دەوام لە بەشێک لە خوێندنگەکان شێوازی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان لە بەشێک لە ناوەندەکانی خوێندن گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووە بە شێوەیەک ئەو خوێندنگانەی تاقیکردنەوەی نیوەی وەرزیان لەسەر 20 نمرە ئەنجامداوە، تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز لەسەر 60 نمرە ئەنجامدەدەن، بەڵام ئەو خوێندنگانەی تاقیکردنەوەی نیوەی وەرزیان ئەنجامنەداوە لە 80 نمرە تاقیکردنەوە ئەنجامدەدەن.
هاوکات هەر خوێندنگەیەک هیچ وانەیەکی لە وەرزی یەکەمدا نەخوێندبێت، ئەوا نمرەی وەرزی دووەم بۆ ئەو وانەیە هەژماردەکرێت.