واشنتن كرا بە ناوچەی سەوز و سوور.. ئەو هێزانە كێن كە بڵاوكراونەتەوە؟

بڕیارە سبەی چوارشەممە 20ی كانونی دووەم، جۆ بایدن وەك سەرۆكی ئەمریكا دەستبەكارببێت و دۆناڵد ترەمپ كۆشكی سپی بەجێبهێڵێت، ڕوداو و ڕێوڕەسمێك، جیاواز لەوانەی پێشووتر، وادیارە ئەمجارە جیاواز و نائاسایی بەڕێوەبچێت.

نەریتێكی باوی پرۆسەی دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە ئەمریكا، ئامادەبوونی سەرۆكی ماوەتەواوبووە، لە ئاهەنگی دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێدا، لەوێدا سەرۆكی ماوەتەواوبوو، دەسەڵات ڕادەستی سەرۆكی هەڵبژێردراو دەكات، بەڵام ئەمجارەیان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ماوەتەواوبووی ئەمریكا، بڕیاریداوە بەشداریی ئاهەنگی دەستبەكاربوونی جۆ بایدن، سەرۆكی هةڵبژێردراو نەكات.

ڕوداوەكانی دوو هەفتەی ڕابردوو، وەك خۆپیشاندانی لایەنگرانی ترەمپ و هەڵكوتانەسەر كۆنگرێس و قایلنەبوونی ترەمپ لە سەرەتادا بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و ملنەدانی بۆ بڕیاری كۆنگرێس كە بردنەوەی بایدن-ی پەسەندكردبوو، هەروەها پێداگیریی ترەمپ لەسەر ئەوەی جانتای كاراكردنی چەكە ئەتۆمییەكان ڕادەستناكات و دوایینشیان، “بوونی پلانێك بۆ تێكدانی ئاهەنگی دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێ و هەڕەشە بۆسەر ژیانی سەرۆك و كاربەدەستانی ئەمریكا” وەك ئێف بی ئای و پێنتاگۆن دەڵێن، هەموو ئەوانە وایانكردووە هێزێكی زۆری ئەمنی و سەربازی لە واشنتن بڵاوەیان پێبكرێت.

هێزەكان لە چەند جۆر و گرووپێك پێكهاتوون، لەوانە گاردی نیشتمانی كە 25 هەزار ئەندامیان لە شەقام و شوێنە گشتییەكانی پایتەختی ئەمریكادا بڵاوكراونەتەوە.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دەڵێت، “لێكۆڵینەوە لە ناسنامەی یەكبەیەكی ئەو 25 هەزار چەكدارە دەكەن، چونكە زانیارییان هەیە لەناو خوودی ئەو هێزانەوە كە ئەركیان پاراستنی ئاهەنگی دەستبەكاربوونی سەرۆكە، هێرشبكرێتەسەر ئاهەنگەكە و ئەوەش نەك تەنها شێواندنی ڕێوڕەسمەكە، بەڵكو تەنانەت ژیانی سەرۆكیش بخاتە مەترسییەوە.

بۆ دەستەبەركردنی بەرزترین ڕادەی ئاسایش و ڕەواندنەوەی ئەو مەترسییە ئەمنییانەی باسدەكرێن، واشنتن بۆ دوو ناوچەی ئەمنی دابەشكراوە، یەكێكیان ناوچەی سوورە كە ناوچەكانی دەوروبەری شوێنی ڕێوڕەسمی دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێ لەخۆدەگرێت.

ناوچەی سوور، لە خۆرئاوای كۆشكی سپییەوە دەستپێدەكات و شۆڕدەبێتەوە بۆ خۆرهەڵاتی كۆنگرێس. تەنها ئۆتۆمبیلەكانی پۆلیس و ئۆتۆمبیل و سوارڕۆی سەربازی ڕێگەیان پێدراوە هاتوچۆی تیادا بكەن.

ناوچەی دووەم، بە ناوچەی سەوز ناونراوە و تەنها دانیشتووانەكەی مافی چوونەناوەوە و هاتوچۆكردنیان دەبێت، ئەوەش تەنها بە پیادەڕۆیی و بەبێ بەكارهێنانی ئۆتۆمبیل و هیچ هۆكارێكی تری گواستنەوە.

لەو دوو ناوچەیەدا فرۆشگە و پاركەكان داخراون و پۆلیسی نهێنی و گاردی نیشتمانی 8 بازگە و خاڵی پشكنینیان داناوە، ڕێبواران زۆر بە وردی دەپشكنرێن.

حكومەت هەر بەو ڕێوشوێنانەوە نەوەستاوە، بەڵكو وەك پۆلیسی نهێنێ دەڵێت، تەواوی دیوی خۆرئاوای پایتەختیان تەلبەندكردووە و بەرژینی ئاسنینیان بۆداناوە، كە لە پەیكەر و مۆنیومێنتی لێنكۆڵین-ـەوە دەستپێدەكات تا ناوچەی نایڤی یارد.

كێ ئاهەنگی دەستبەكاربوونی بایدن دەپارێزێت؟

گاردی نیشتمانیی ئەمریكا، ئەركی پاراستنی ئاسایشی ئاهەنگی دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێیان پێسپێردراوە، هێزێك كە هەر ویلایەتەو گاردی نیشتمانیی تایبەت بەخۆی هەیە. ئەندامانی گاردی نیشتمانی ئەركیان زیاتر لەكاتی قەیرانەكان، كارەساتە سروشتییەكان و كۆنترۆڵكردنی گردبوونەوەی جەماوەریدا دەردەكەوێت.

ئەندامانی ئەو هێزە مەشقیان پێكراوە لەسەر كۆنترۆڵكردنی گردبوونەوە و قەرەباڵغی و بەكارهێنانی قەڵغان و تێڵا و ئامرازەكانی بەرگرتن لە توندوتیژی.

گاردی نیشتمانیی ساڵی 1916 دوای سەربەخۆیی ئەمریكا و لە ئەنجامی یەكگرتنی میلیشیاكانی ئەمریكا دامەزراوە. ساڵی 1933 گۆڕانكاری بەسەردا هێنراوە و بەشێك لە میلیشیاكانی  لێجیاكراوەتەوە. ساڵی 1947 گاردی نیشمانی لە هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا جیاكراوەتەوە و وەك هێزێكی سەربەخۆ دەستنیشانكراوە و پێشخراوە.

بابەتی پێشتر

ئەمریکا: کچێک دەستگیرکرا هاردێکی نانسی پێلۆسی دزیوە تاوەکو زانیارییەکانی بدات بە ڕوسیا

بابەتی دواتر

نێچیرڤان بارزانی: هەرێم فاکتەرێكى سەقامگیریى ناوچەکە دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share