ئەمریکا: کچێک دەستگیرکرا هاردێکی نانسی پێلۆسی دزیوە تاوەکو زانیارییەکانی بدات بە ڕوسیا

دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، یەکێک لە لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپیان دەستگیرکرد کە کچێکی تەمەن 22 ساڵە و لە هێرشەکەی سەر کۆنگرێسدا هاردێکی کۆمپیوتەرەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، نانسی پیلۆسی دزیوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز کە وێنەی کچەکەی بڵاوکردووەتەوە ڕایگەیاندووە، “ئەو کچەی دەستگیرکراوە ناوی ڕایڵی جۆن ویلیامزە و تەمەنی 22 ساڵە، بە تۆمەتی چونە ناو بینای کۆنگرێس و ئەنجامدانی توندوتیژی و کاری نایاسایی لەلایەن دەسەڵاتی ئەمریکییەوە دەستگیرکراوە”.

بەپێی ئاژانسە ئەمریکییەکە، خۆشەویستی پێشووی ڕایڵی بە پۆلیسی ڕاگەیاندووە، ” ڕایڵی پلانی داناوە بۆ فرۆشتنی زانیارییەکانی بە دەزگای هەواڵگریی ڕوسی”.

دۆسیەی ویلیامز یەکێکە لە 200 دۆسیەی هێرشەکەی سەر بینای کۆنگرێسی ئەمریکا لەلایەن لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپەوە لە شەوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسەندکردنی جۆ بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا.

لە تۆمارەکانی پۆلیسدا هاتووە ویلیامز لە بەرواری 18ی کانونی دووەمدا لە ناوچەیەکی ناوەڕاستی پەنسلڤانیا دەستگیرکراوە.

بەپێی سەرچاوەکان ویلیامز بە خواستی خۆی، خۆی ڕادەستی پۆلیس کردووە.

تۆمەتەکانی سەر ئەو کچە 22 ساڵە بریتین لە، چوونە ناو باڵەخانە و ناوچەکانی حکومەت بەبێ مۆڵەتی یاسایی، ئەنجامدانی توندوتیژی، هەڵسوکەوتی قەدەغە لە بینای کۆنگرێسدا.

لە تۆماری تۆمەتەکاندا دزینی زانیارییەکان نەهاتووە، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەکردووە کە نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو دەنگۆیانە دەکات کە ئەو کچە ئەو زانیارییانەی دزیبێت وەک یەکێک لە پسپۆرانی نوسینگەی لێکۆڵینەوە پێشکەشی دادگای کردووە.

ئەو پسپۆڕەی نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی بە دادگای وتووە کە هاورێ کۆنەکەی ویلیامز هاردێکی کۆمپیوتەری نوسینگەی سەرەکیی نانسی پێلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی دزیوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دراوەتە دادگا، ئەو هاوڕێیەی ویلیامز وتویەتی کە ویلیامز بەنیازبووە ئەو هاردە بنێرێت بۆ هاوڕێیەکی لە ڕوسیا بەمەبەستی فرۆشتنی بە دەزگای هەواڵگریی ڕوسیا.

ئەو شایەتحاڵە ئاماژەی بەوەشکردووە کە خۆشەویستە کۆنەکەی تاوەکو ئێستا هاردەکەی لاماوە یان لەناویبردووە بەڵام نەیناردووە بۆ ڕوسیا.

پێشتر دوای دوو ڕۆژ لە هێرشی سەر بینای کۆنگرێس، دۆر هامیڵ، بەرپرسی فەرمانگەی نانسی پیلۆسی ڕایگەیاند کە هاردی کۆمپیوتەرەکەی نانسی پێلۆسی دزراوە.

لە دوای هەڵکوتانە سەر بینای کاپیتاڵ لە ڕاپۆرتێکی ئای تی ڤیدا ویلیامز لە جەند گرتەیەکدا دەردەکەوێت و دەنگی دەبیسترێت کە هاواری چوونە ژوورەوە بۆ نوسینگەکەی پێلۆسی دەکات.

لەو راپۆرتەدا ئای تی ڤی چاوپێکەوتن لەگەڵ دایک و باوکی ویلیامزدا دەکەن و ئەوان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەوە کچەکەیانە لە گرتەکەدا دەرکەوتووە، هەروەها باسیان لەوەشکردووە کە ئەو شەوە ویلیامز لە ماڵەوە چووەتە دەرەوە بەبێ ئەوەی پێیانبڵێت بۆ کوێ دەڕوات.

تاوەکو ئێستا ڕێکارە ئەمنییەکان بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بوون بەسەرۆکی جۆ بایدن و چوونی بۆ کۆشکی سپی زۆر توندە و مەترسی هەیە لە ئەنجامدانی هێرش لەلایەن لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپەوە، لەلایەن ئەوانەی باوەڕیان بەو بانگەشانەی ترەمپ هەیە کە دەڵێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی لێدزراوە.

بابەتی پێشتر

توركیا پێشنیاری هێرشكردنەسەر شەنگال دەخاتە بەردەم عێراق

بابەتی دواتر

واشنتن كرا بە ناوچەی سەوز و سوور.. ئەو هێزانە كێن كە بڵاوكراونەتەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share