بژاردەکانی ئەوروپا بەرامبەر بەردەوامیدانی تورکیا بە هێشتنەوەی دەمیرتاش و کاڤالا لە زیندان

ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ فشارەكانی بۆسەر توركیا زیاتر دەكات تایبەت بە ئازادكردنی دەمیرتاش و دەستگیركراوانی دیكە، داوادەكات ئەنقەرە پابەند بێت بە بڕیارەكانی دادگای ئەوروپییەوە.

هەڵوێستەکانی ئەنجومەنەکە ڕەخنە لە بەردەوامیی مانەوەی عوسمان کاڤالا گەورەبازرگانی ئەو وڵاتە لە زینداندا دەگرێت، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2017وە بەبێ هیچ تۆمەتبارکردنێکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا دەستگیرکراوە و لەزینداندایە لەگەڵ ئەوەی ئەوروپا و ئەمریکا داوای ئازادکردنی بێمەرجیان کردووە، هەروەها دەستگیرکردن و زیندانیکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان، کە ئەویش لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2016وە لەزینداندایە.

دنیا میاتۆڤیچ کۆمسیاری ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، سەرکۆنەی بەردەوامیدانی تورکیا بە دەستگیرکردنی هەریەکە لە دەمیرتاش و ئەو گەورەبازرگانە و مانەوەیان لە زیندان دەکات، لەگەڵ ئەوەی دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ زیاتر لە جارێک داوای ئازادکردنی کردوون، بەڵام ئەنقەرە ئەو داوایەی ڕەتکردووەتەوە.

تایبەت بەو پرسە، هەروەها عیمران سەلمان شیکەرەوەی سیاسیی تایبەت بە کاروباری نێودەوڵەتی دەلێت، دۆسیەی عوسمان کاڤالا وەکو تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەبێت ڕێکاری پێویست لەوبارەیەوە بگرێتەبەر تاوەکو ئەنقەرە ناچاربکات ئازادی بکات.

ڕەخنەی ئەوە لە ئەنجومەنەکە دەگرێت، کە هەنگاوەکانی دژی تورکیا لەوبارەیەوە تائێستا تەنها لە سنووری سەرکۆنەکردن و هەڕەشەدان، لەکاتێکدا هەنگاو و بژاردەی زیاتری هەیە بۆ فشار دروستکردن لەسەر ئەو وڵاتە، لەوانەش لێسەندنەوەی مافی دەنگدان لە ئەنجومەنەکە و تەنانەت دەرکردنی تەواوەتی لە دەستەی ئەوروپا، بەڵام ڕوون نییە ئایا ئەنجومەکە ئەم بژاردانە بەکاردەهێنێت؟ لەکاتێکدا ئەزموونیان لەگەڵ پێشێلکارییەکانی تورکیا بەرامبەر چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و کوردەکانی وڵاتەکەی و سەرجەم کەمینەکانی دیکە هەیە.

عیمران سەلمان دەڵێت، “تورکیا هەموو جارێک بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتگوێدەخات، ئەگەر ئەوروپییەکان جۆرێک لە ویستیشیان هەیە بۆ بەردەوامیدان بە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەوا هەڵپەساردنی تورکیا لە ئەنجومەنەکە دوایین هەنگاوە دەتوانن بینێن، پێش ئەوە چەندین ڕێگەی دیکە هەیە بیگرنەبەر بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ئەنقەرە.

میاتۆڤیچ کۆمسیاری ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەر لە دوو ڕۆژ لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی درێژەدانی تورکیای بە زیندانیکردنی عوسمان کاڤالا-ی تەمەن 63 ساڵ کرد، بەتۆمەتی تێوەگلانی لە کودەتا شکستخواردووەکەی مانگی تەمموزی 2016.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، کاڤالا یەکێکە لە قوربانییەکانی سیستمی دادوەریی تورکیا، کە بۆ سەرکوتکردنی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و پارێزەران بەکاریدەهێنێت.

بابەتی پێشتر

دەروازەی دۆزەخ

بابەتی دواتر

یەکەم وێستگەی ھایدرۆپاوەری دروستكراوی حکومەتی هەرێم دەکەوێتەکار

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share