فەرەنسا كورد بە “هاوپەیمانەكانمان” ناودەبات و بۆ ئیداری نوێی سوریاش پێشنیاری هاوكاریكردن لە “داڕشتنەوە دەستوور”ی نوێدا دەكات.
جان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان لە دیمەشق رایگەیاند، پێشنیاری هاریكاریی تەكنیكی و یاساییمان بۆ ئیدارەی نوێی سوریا كرد لە پرۆسەی داڕشتنەوەی دەستووری نوێ.
وتیشی، “كار لەگەڵ سورییەكان دەكەین و هاوكارییان دەبین لە نەخشەكێشانی ئاییندەیان”.
بارۆ هانی ئیدارەی نوێی سوریاشیدا گفتوگۆی كۆكەرەوە لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكانی وڵاتەكەدا بكات.
دەربارەی هێرش و پەلاماری گروپە چەكدارەكانیش لە دەوروبەری مەنبج وتی، “پێویستە چەکەکان لە باکووری وڵات بێدەنگ بن. پێویستە چارەسەرێکی سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی فەرەنسا، کە کوردن، بدۆزرێتەوە، تاوەکو ئەوان بە تەواوی لەم پرۆسە سیاسییەدا کە ئێستا دەستپێدەکات بەشداربن”.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هاوشانی ئەنالینا بیربۆك-ی هاوتا ئەڵمانییەكەی بەیانیی ئەمڕۆ گەیشتنە دیمەشق بۆ دیدار لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆكی ئیدارەی نوێی سوریا، لە یەكەم سەردانیاندا لەپاش رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد.
وەزیرە فەرەنسییەكە لە پۆستێكیشیدا لە تۆڕی ئێكس نووسی، “پێكەوە، فەرەنسا و ئەڵمانیا، هاوشانی سورییەكان دەبین، بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە”.
ئاماژەشیدا، هەردوو وڵات دەیانەوێت قۆناغی گواستنەوە ئاشتییانە و كاریگەربێت بۆ خزمەتكردنی سورییەكان و لەپێناو سەقامگیریی ناوچەكە.