بەگوێرەی داتاكانی سایتی شەفافییەت، داهاتی ساڵی 2024ی سلێمانی بەراورد بە داهاتی ساڵی 2023، بڕی 310 ملیار دینار كەمیكردووە، هاوكات بەهۆی پشووەكانی ساڵی نوێوە داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی سفرە.
بەپێی داتاكانی وێبسایتی شەفافییەت، داهاتی ساڵی 2024ی سلێمانی كە لە رێژەی تۆماری گەنجینەكانی پارێزگاكەوە وەرگیراوە، كەمتر لە 1 ترلیۆن دینارە و بەراورد بە ساڵی 2023 داهاتی سلێمانی كەمیكردووە كە زیاتر لە 1 ترلیۆن دینار بووە.
داهاتی ساڵی 2024 ی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین كە لە (گەنجینەی 1، گەنجینەی 2، گەنجینەی چەمچەماڵ، گەنجینەی گەرمیان، گەنجینەی هەڵەبجە، گەنجینەی راپەڕین)، كۆكراونەتەوە بریتییە لە 897 ملیار و 403 ملیۆن و 982 هەزار و 809 دینار، كە بەشێوەی نەختینە رێژەی 84٪ و چەك 11٪ و مقاسەش 5٪ بووە.
ئەمەش لەكاتێكدایە، داهاتی ساڵی 2023ی سلێمانی بریتی بووە لە 1 ترلیۆن و 173 ملیار و 618 ملیۆن و 353 هەزار و 315 دینار، كەبەو پێیەش بەراورد بە ساڵی 2024 داهاتەكە بە بڕی 310 ملیار دینار زیاتر بووە.
بەهۆی پشووەكانی ساڵی نوێوە، كە بەبڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 25-12-2024 دەستیپێكرد و هەتا 5-1-2025 بەردەوام دەبێت، بەپێی داتاكانی وێبسایتی شەفافیەت داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی لە رۆژی 28-12-2024 تاوەكو 3-1-2025 سفرە.
رۆژی 15-12-2022 دوای 30 ساڵ، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دەستی قوباد تاڵەبانی بوو بەخاوەنی پڕۆژەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی و پڕۆژەكەش رۆژانە داهاتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین لە سایتی شەفافییەتەوە بڵاودەكاتەوە، بڕیارشە لە داهاتوودا خەرجییەكان بەهەمان شێوەی داهات بخرێنەڕوو.