بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی ساڵی نوێوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “سەری ساڵی نوێی زایینی لە سەرجەم هاوڵاتییانی كوردستان، عێراق و جیهان پیرۆزبێت و هیوادارم ساڵێكی پر لە ئاشتی، ئارامی و سەقامگیری بێت بۆ هەموولایەك”.
هەر لە پەیامەكەیدا هاتووە، هیوادارم هەموومان لە ساڵی نوێدا بە رۆحێكی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە كار بۆ بەهێزتركردنی كوردستان، ئاوەدانی و پێشكەوتنی زیاتربكەین وحكومەتێكی خزمەتگوزاری دادپەروەر پێكبهێنین كە پارێزگاری لە ژیانی خەڵك بكات و مافەكانیان دەستەبەر بكات، هەوڵەكانی بۆ بەدیهێنانی ژیانێكی شەرەفمەندانە و سەرەبەرزانەتر بێت بۆ خەڵكی خۆشەویستی كوردستان.
دەشڵێت، “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازی لە هەموو ئەو هەوڵ و پێشنیازانە دەكات كە ئامانجەكەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكان و كۆتاییهێنان بێت بە ناكۆكییەكان، بەتایبەت كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد و گەیشتن بە چارەسەرێكی ئەرێنیی یەكجارەكی و هەروەها پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و سوریا كە لە قۆناغێكی مێژووییدایە، پێویستی بە هەوڵ و پشتیوانیی هەموولایەكمانە و دەبێت بەرپرسانە و هۆشیارانە مامەڵەی لەگەڵ بكەین”.
لە كۆتایی پەیامەكەدا هاتووە، با هەموومان پێكەوە ساڵی نوێ بكەینە ساڵی ئاشتی و پێكەوەژیان، چەسپاندنی دادپەروەری و سەروەریی یاسا و بە یەكدەنگی و یەكڕیزیمان كوردستانمان بەهێزتر دەكەین و داهاتوویەكی گەشتر مسۆگەردەكەین، ئەمە بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە و لە ئەستۆی هەموولایەكمانە.
ساڵی نوێ پیرۆزبێت و هیوای دڵخۆشی و كامەرانی بۆ هەموولایەك.