بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئاهەنگەکانی سەری ساڵەوە ئاگادارییەکی ئاڕاستەی هاوڵاتییان کرد.
سەرکەوت کاڕەش ووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی كوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا ئامادەیبوو رایگەیاند “داوا لە هاوڵاتییان دەکەین پێش ئەوەی لەماڵەوە دەربچن و بەشداری ئاهەنگەکان بکەن، کەلوپەلە کارەباییەکانی ماڵەوەیان بکوژێننەوە، تا دوربن لە روداوی نەخوازراو”.
وتیشی “75 تیمی گەڕۆک جێگیرکراون لەو شوێنانەی کە ئاهەنگی سەری ساڵیان تێدا ئەنجامدەدرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان بە هەموو شێوەیەک لە هۆڵ و شوێنە داخراوەکان قەدەغەیەو دەبێت هۆڵەکان سەرجەم مەرجەکانی بەرگری شارستانی جێبەجێبکەن”
ئاماژەی بەوەشدا، هاوڵاتییان دەتوانن لەهەر حاڵەتێکی نەخوازراودا پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 115 بکەن، بۆ ئەوەی تیمەکانمان بە زوترین کات بگەنە شوێنی مەبەست.