بۆ بەهێزكردنی توانای شەڕڤانان راهێنانی سەربازیی هاوبەش لەنێوان هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەسەدە لە ریفی حەسەكە بەڕێوەچوو.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، راهێنانەكە لە بنكەی “قسرك” لە ریفی حەسەكە نیوەشەوی رابردوو دەستیپێكردووە و تا بەیانیی ئەمڕۆ درێژەی كێشاوە.
روونیشیكردەوە، راهێنانەكان بەكارهێنانی چەكی قورسی لەخۆگرتووە، سەرەڕای پێكانی “ئامانجی وەهمی” بەمەبەستی بەرزكردنەوەی توانای شەڕڤانان و پەرەپێدانی توانای شەڕكردنیان.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی توانا سەربازییەكانی لە ناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا پەرەپێدەدات لەڕێی راهێنانی سەربازیی بەردەوام، هاوشانی زیادكردنی ناوبەناوی سەربازانی، وەك ئەوەی روانگەی سوری بڵاویكردووەتەوە.
باسی لەوەشكرد، دوایین كاروانی هاوپەیمانان دوێنێ لە رێی دەروازەی وەلیدی سنووری لەگەڵ هەرێمی كوردستانەوە گەیشتووە، كە 50 بارهەڵگری هەڵگری زرێپۆش و كەلوپەلی سەربازی و لۆجیستی لەخۆگرتووە و دواتر بەرەو بنكەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا چووە.