وەزارەتی ناوخۆی عێراق ستایشی هەوڵەکانی ئاسایشی سلێمانی دەکات و دەڵێت، هاوبەش و پشتیوانیی سەرەکیی هێزەکانمانن و پەیوەندییەکانمان لەگەڵیان لە ئاستێکی بەرزدایە.
حسێن تەمیمی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ستایشی هەوڵەكانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانی لە سلێمانی كرد و رایگەیاند، هاریكاری و هەماهەنگی پتەو لەنێوان بەڕێوەرایەتییەكەمان و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لە سلێمانی هەیە و ئەو هاریكارییەش هۆكارێك بووە بۆ رێگری لەبڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و توانیومانە پێكەوە تۆمەتبارانی دۆسێیەكانی تایبەت بەماددە هۆشبەرەكان بەسزا بگەیەنین.
ناوبراو باسی لەوەشکردووە، بەهاوكاری و هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی دەست بەسەر سەدان كیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە و چەندین گروپی بازرگانیش بەو ماددانەوە هەڵوەشێندراونەتەوە.