شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای وەزارەت و كۆڵۆنێڵ براندستێتەر، بەرپرسی تیمی راوێژكارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێم كۆبووەوە و تاوتوێی دامەزراندنی دوو ناوچەیی سەركردایەتییان كرد كە لە 11 فیرقەی سەربازی پێكهاتوون.
وتیشی، “تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆكردن و بڕیاردان بوو لەبارەی پڕۆژەیەكی ئامادەكراو بۆ دامەزراندنی دووناوچەیی سەركردایەتی كە لە 11 فیرقەی سەربازی پێكهاتوون لەژێر سەركردایەتی و كۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەستبەكاردەبن.
وەزیری پێشمەرگە راشیگەیاند، دوو ناوچەی سەركردایەتیی دادەمەزرێنین بۆ رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ژێر سەركردایەتیی وەزارەتی پێشمەرگەدا كاروبارەكانیان رێكدەخەنەوە و دەستپێكی قۆناغێكی نوێ دەبێت بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بە گرنگیەوە باس لە دامەزراندنی ژێرخانی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە كرا و هەمووان هاوڕابوون كە ئەم ژێرخانە پاڵپشت و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت لە بوونیادنانی هێزێكی نیشتمانی یەكگرتووی كوردستانی كە پارێزگاری لە خەڵك و خاكی كوردستان دەكات لە هەر مەترسییەك كە لە ئێستا و ئاییندەدا رووبەروومان دەبێتەوە.