بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغداد كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا دوایین رووداو و پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە گفتوگۆیان لەبارەوەكرا، جەخت لە چارەسەركردنی كێشەكان و یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان بۆ دوورخستنەوەی گرژییەكانی ناوچەكە لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرایەوە.
لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا پابەندبوونی حكومەت بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بەشێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانەوە بۆ سەرجەم هاوڵاتییان دووپاتكرایەوە.
كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد، دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك تەوەرێكیتری كۆبوونەوەكە بوو و لەوبارەیەوە سەرۆك بافڵ رایگەیاند، “یەكێتی لەگەڵ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیدایە بۆ تەوتینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان”.
هاوكات داواشی لە سەرۆك وەزیران كرد وەك هەمیشە هاوكار و پشتیوان بێت بۆ پارێزگاریكردن لە ماف و شایستەداراییەكانی خەڵكی كوردستان و رێگری لە بەسیاسیكردنی ئەم پرسە نیشتمانییە بكرێت”.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا خێراتركردنی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە و هێنانەكایەی حوكمڕانییەكی خزمەتگوزار و دادپەروەر جەختیلێكرایەوە و لەو رووەشەوە سەرۆك بافڵ ئاماژەی بەوەكرد، “هەڵوێستی ئێمە سەبارەت بە پرسی حكومەتی نوێ روونە و دەمانەوێت یەكسانی و دادپەروەريی بنەمای حكومەتی داهاتووبێت، دوور لە جیاكاريی خزمەتی هەموولایەك بكات، ئامانجەكەی بەهێزتركردنی كوردستان بێت و توانای چارەسەكردنی كێشەكانی پەیوەست بە ژیانی خەڵكی هەبێت”.