نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەت و وەزارەتەکانی پەروەردە و دارایی راستگۆنەبوون لەگەڵ مامۆستایانی گرێبەست، لەماوەی 180 رۆژی رابردوودا تەنها 400 هەزار دیناریان پێدراوە و دەشڵێت، “مووچەکانمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دابەشناکرێت”.
عەلی رەئوف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش ناکرێت لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و حکومەت و وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی راستگۆ نەبوون کە وتیان مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دابەشدەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، شایستەی دارایی وانەبێژیی مانگەکانی 7 و8 ی 2024 تاوەکو ئێستا فەرمانی خەرجکردنی بۆ دەرنەکراوە و راگیراوە لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە.
باسی لەوەشکرد، 180 رۆژە مامۆستایانی گرێبەست تەنها 400 هەزار دیناریان وەرگرتووە کە دەکاتە رۆژی دوو هەزار دینار، زۆر بەداخەوە باری دارایی مامۆستایانی گرێبەست لەوپەڕی خراپیدایە.