بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، بۆ پرسی دامەزراندنی سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕوانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2025 دەکرێت و سەرجەم کارەکانیان تەواو بووە و دوای پەسەندکردنی بودجە، چارەنووسیان یەکلادەکرێتەوە.
یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان کە ژمارەیان زیاتر لە 9 هەزار کەس بوو، لە مانگی 7ی ئەمساڵ نێردران بۆ بایۆمەتری و ناوەکانیان بۆ وەزارەتی دارایی بەرزکرایەوە و دواتریش، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی کرد و دواتر ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق کرا بەمەبەستی وردبینی.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئێستا سەرجەم رێکارەکانی دامەزرادنی سێ یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان تەواو بووە، هاوکات، بە گوێرەی یاسا دەبێت دابمەزرێن، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت دوای پەسەندکردنی هەمواری بودجە، دوابڕیار لەبارەیانەوە بدرێت.
هاوکات، بابەتێکی دیکە لە ئێستادا بوونی هەیە، ئەویشت یەکخستنی تەمەنی خانەنشینییە لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، کە لە عێراق تەمەنی خانەنشینی 60 ساڵە و لە هەرێمی کوردستان 63 ساڵە، سەرەڕای ئەوەی پڕۆژەیاسایەک هەیە بۆ ئەوەی تەمەنی خانەنشینی لە عێراق بکرێتەوە بە 63 ساڵ بەڵام لە دۆخێکدا لە پەرلەمان ئەو پڕۆژەیە پەسەند نەکرێت، ئەوا لە هەرێم پێویستە سێ ساڵ بەیەکەوە خانەنشین بکرێن هەر بۆیە ژمارەیەکی زۆر پلەی وەزیفی بەتاڵ دەبن کە دەکرێت شوێنەکانیان بە دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان پڕبکرێتەوە.