شەوی ڕابردوو داعش هێرشێكی قورسی لە چەند قۆڵێكەوە كردە سەر گوڵاڵە و زیانی بە شارۆچكەكە گەیاند، چەند كاتژمێرێكیش شەڕ لەنێوان داعش و سوپای عێراق بەردەوام بوو.
بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە گەرمیان، شەوی ڕابردوو 18ی كانونی دووەم، داعش پەلاماری هێزەكانی سوپای عێراقی دا لە گوڵاڵە و دەوروبەری.
چەكدارانی داعش دووجار بە هاوەن هێرشیان كردووەتە سەر پردی حەلوان كە هێزی سوپای عێراقی لێ جێگیركراوە، هەروەها پردی گوڵاڵە و نەخۆشخانە و وێستگەی كارەبای ناحیەكەی هاوەنباران كردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا هێرشیی كردووەتە سەر “ناوچەی سەوز” كە گەڕەكێكە پێشتر كوردێكی زۆری لێ نیشتەجێبووە.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا ئەوەشی خستەڕوو، بە گشتی داعش هێرشێكی بەرفراوانی كردووە و بارودۆخی ئەمنیی شارۆچكەكە زۆر خراپ بووە، لە نزیكی نیوەشەویشدا هێرشەكانیان كۆتایی پێهاتووە.
تا ئێستا زیانە گیانی و مادییەكانی هێرشەكانی شەوی ڕابردووی داعش بۆ سەر گوڵاڵە ئاشكرا نەكراوە.