بە گوێرەی راگەیەندراوی رەسمیی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ 17ی12ی2024ی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، هەردوولا کۆکبوون لەسەر تەبایی و هاوهەڵوێستی لە پارێزگاریکردنی بەرژەورەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت.
لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی ناوچەکە و ئەو گۆڕانکارییانەی کە هاتوونەتە ئاراوە و کاریگەرییان لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێکران و هەردوولا کۆکبوون لەسەر تەبایی و هاوهەڵوێستی لە پارێزگاریکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا.
لە تەوەرێکی دیکەدا باس لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینیەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پێویست بۆ سەرخستی ئەو پڕۆسەیە کرا و بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، هەردوولا هاوڕابوون کە بە زووترین کات کار لەسەر ئامادەکردنی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ ئەو بنەمایانەی کە حکومڕانیی کوردستانیان بۆ قۆناغی ئایندە لەسەر بەڕێوەدەچێت بکەن، بەشێوەیەک کە پارێزگاری لە پێگە و سەقامگییریی هەرێمی کوردستان و ماف و بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتییان و سەرجەم پێکهاتەکانی بکات.
هاوکات، بڕیاری دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش درا تاوەکو کار لەسەر ئامادەکردنی رەشنووسی ئەو بەرنامەیە بکات بۆ کۆبوونەوەی ئایندە.