قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران ئەمڕۆ یەكشەمە لەگەڵ بەڕێوەبەر و سەرۆكی فەرمانگەكانی بەشدار لە پڕۆسەی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە و تیایدا تاوتوێی گیروگرفتەكانی بەردەم پڕۆسەی وەبەرهێنان و چۆنییەتی چارەسەركردنیان كرا.
لە دەستێپكی كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و سەرۆكی فەرمانگەكان كرد بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان لە ماوەكانی رابردوودا كە زۆرترین پڕۆژەیان خستووەتەگەڕ و بەهۆی هەوڵەكانیانەوە سلێمانی لە ماوەكانی رابردوودا پێشەنگ بووە لە وەبەرهێنان و جەختیشیكردەوە كە دەبێت بەردەوامبن لە هەوڵەكانیان و ئاسانكاری بۆ وەبەرهێنەران بكەن، چونكە ئامانجیانە سلێمانی لە ساڵانی داهاتووشدا هەر بە پێشەنگی بمێنێتەوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوەشدا بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم وەبەرهێنان بە هەموو شێوەیەك هاوكار و پشتیوانیان دەبێت.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی راسپارد بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنان پلانێكی تۆكمە ئامادە بكەن و تیایدا شێوازی چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم پڕۆسەكە دەستنیشان بكرێت وەك پلانێكی ستراتیژیی بۆ داهاتووی ناوچەكە.
جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەشدا كە پێویستە لەمەودوا زیاتر گرنگی بە پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە بوارەكانی پیشەسازی و گەشتوگوزار بدرێت و لەم چوارچێوەیەدا هەموو جۆرە كارئاسانییەك پێشكەش بە وەبەرهێنەران بكرێت.