سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی عێراق جەختیان لە پاراستنی مافی موچەخۆرانی هەرێم كردەوە

لە كۆبوونەوەیەكدا سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی عێراق “جەختیان لەسەر پاراستنی مافی تەواوی موچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان كردەوە”.

لە ڕاگەیەندراوێكدا سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق ڕایگەیاندووە، “بەرھەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 18ی كانونی دووەم، لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و گفتوگۆ کرا سەبارەت بە پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەکانی وڵات”.

ئەوەش ئاشكراكراوە، “لەمیانی کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە پێویستیی چەسپاندنی ئارامی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتییان و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەزگا ئەمنییەکان و جێبەجێکردنی یاسا کرایەوە”.

لەو كۆبوونەوەیەدا “هەردوولا پێداگرییان کردووە لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و پشتیوانیی تەواوی خۆشیان دووپاتکردەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و ڕێگریکردن لە ساختەکاری و فرتوفێڵ، هەروەها گرنگیی چاودێریکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان لەلایەن چاودێرە نێودەوڵەتییەکان”.

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، “لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئابوریی وڵات و بودجەی گشتی کراوە، بۆ ئەو مەبەستە ھەردوو سەرۆک ڕێککەوتن لەسەر گرنگی تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی و پاراستنی مافی تەواوی موچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دوور لە ململانێ سیاسییەکان”.

هەروەها باسیان لە، گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان كردووە سەبارەت بە دۆسییە داراییە هەڵپەسێردراوەکان، “بەجۆرێک زامنی مافی موچەخۆران و هاوڵاتییان و چین و توێژە کەمدەرامەتەکان بکات بەبێ جیاوازی”، وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

بابەتی پێشتر

كۆنگرێسی ئەمریكا "هەڕەشەی ئەمنی لەسەرە"

بابەتی دواتر

بەغداد.. سێ تەقینەوە ئەنجامدران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
3
Share