شارەزای کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و راوێژکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی سوریای دیموکرات هاوپەیمانی هەموو ئەندامانی هاوپەیمانییەتی جیهانی دژی تیرۆرە، دەشڵێت، “پەیوەندی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی خۆسەر بۆ داهاتووی کورد گرنگە”.
دکتۆر ئەیمی ئۆستن هۆڵمز، شارەزای کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرنامەی چاوی واشنتۆنی دەنگی ئەمریکا رایگەیاند، ساتەوەختێکی مێژووی خولقاوە بۆ ئایندەیەکی باشتر لە سوریا و کورد ئاماژەی باشی نیشانداوە بۆ دایالۆگ لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا لەناو سوریادا، ئەوەش هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ داهاتووی کورد لە سوریا.
دەشڵێت، “ئەمریکا سەرکردایەتی هاوپەیمانییەتێکی جیهانی دەکات لە عێراق و سوریادا، نزیکەی 87 وڵات و رێکخراوی تێدایە، ئەو هاوپەیمانییەتییە، بەم پێیەش هەسەدە هاوپەیمانی هەموو ئەو وڵاتانەیە”.
جەختیشیکردەوە، سێ دەروازی سنووری لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە، کە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان و عێراقەوە، پێویستە پەیوەندییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆسەر لە ئاستێکی باشدا بن، پێویستیشە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەردانی هەموو ناوچەکانی سووریا بکەن.