سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دیداری وەزیری دەرەوەی ئەمریكادا پێویستیی بەشداربوونی سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی سوریا لە بەڕێوەبردنی وڵاتەكەیاندا دووپاتدەكاتەوە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبووەو كە كەمێك پێشتر بە سەردانێكی پێشتر رانەگەیەندراو گەیشتە بەغداد.
بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی سودانی لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتیی پەرەپێدانی، هەروەها بارودۆخی ناوچەكە و رووداوەكانی ئێستای سوریا و، پێویستیی هەوڵە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان بۆ چەسپاندنی ئاسایش لە سوریا و سەقامگیریی تەواوی ناوچەكە تاوتوێكرا.
سودانی هەڵوێستی عێراقی دووپاتكردەوە لە پاڵپشتیكردنی سوریا لەم قۆناغە گرنگەدا و، گرنگیی هاوكاریكردنی وڵاتانی دۆست بۆ سورییەكان بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی وڵاتەكەیان و، رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئالنگارییانەی كاریگەری لەسەر ئاشتەوایی ناوخۆیی هەیە.
جەختیشیكردەوە، پێویستە سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی سوریا لە بەڕێوەبردنی وڵاتەكەیاندا بەشداربن بۆ زامنكردنی سەقامگیرییەكەی. وتیشی، “عێراق چاوەڕوانیی كردار نەك گوفتار لە بەرپرسانی بەڕێوەبەری قۆناغی گواستنەوە لە سوریا دەكات”، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە.
لای خۆیەوە بلینكن جەختیكردەوە لەسەر هاوهەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەگەڵ عێراق لەبارەی پێویستیی رێزگرتن لە بژاردەكانی گەلی سوریا و، كاركردن لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی بەرفراوان كە رەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی سوریا و پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی بێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەشی بە رۆڵی سەرەكیی عێراق كە هاوبەشێكی بنەڕەتییە لە ناوچەكەدا كردەوە و، پابەندبوونی ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیشی بەرامبەر ئاسایش و سەروەریی عێراق و سەربەخۆییەكەی دووپاتكردەوە.