بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازی لە لویس ئایالا، سكرتێری پێشووی رێكخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ كرد.
لە دیدارێكدا سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و دارا خەیلانی، لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی ئامادەبوون، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بە گەرمی بەخێرهاتنی لویس ئایالای كرد بۆ سلێمانی و سوپاسی هەوڵ و پشتگیرییە بەردەوامەكانی كرد بۆ دۆزی كورد و یەكێتی و رایگەیاند، “یەكێتی دۆستەكانی لەیادناكات بە تایبەت كە ئێوە دۆستی سەرۆك مام جەلال بوون و پشتگیریی مافەكانی گەلی كوردتان كردووە”.
وتیشی، “بەدڵنیاییەوە درێژەپێدەری رێبازی سەرۆك مام جەلال دەبین و لەسەر هەمان رێچكەی ئەو درێژە بە خەباتی سیاسی، مەدەنی و دیموكراسی خۆمان دەدەین لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەری و ئاشتەواییدا”.
لە بەرامبەردا لویس ئایالا، سكرتێری پێشووی رێكخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ و سیاسەتمەداری دیاری جیهان سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد و بە گرنگییەوە لە رۆڵی سەرۆك مام جەلالی روانی وەك سەركردەیەكی كاریگەر و ماندوونەناس بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ، ئاشتی و پێكەوەژیان و ئاماژەی بەوەشكرد، دڵنیاین ئێوەش میراتگری ئەو مێژووە درەوشاوەیە دەبن و بەهەمان رێگای ئەودا خەبات بۆ دیموكراسی و یەكسانی دەكەن، سیاسەتی ئەمڕۆی یەكێتیش رەنگدانەوەی رێبازەكەی سەرۆك مام جەلالە”.
هەر لە دیدارەكەدا جەخت لە یەكخستنی هەوڵەكان بۆ گەشەپێدانی پرەنسیپەكانی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ، ئاشتی و بیروباوەڕی پێكەوەژیان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، عێراق و تەواوی جیهان كرایەوە.