راگەیەندراوێكی بەپەلە لە وەزارەتی دارایی هەرێمەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی رێباز حەملان بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە و دەڵێت، “بە هیچ جۆرێك ڕێگاپێدراو نییە بەناوی ئێمەوە قسە بكرێت كە ئێمە كەسمان نەكردووە بە وەكیل، جەنابی نوێنەرایەتیی عێراق دەكات نەك هەرێم و پێویستە بەشێك بیت لە چارەسەری كێشەكان”.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، لەسەر بابەتی ناردنی تەموویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراقەوە كە سەرەڕای بڕیاری دادگای فیدراڵی و هەوڵەكانی وەزارەتمان بۆ چارەسەری كێشەكان، بەڵام هێشتا كێشەكان بەردەوامن و لەهەوڵی چارەسەركردنیداین و سەرەڕای دۆخی هەستیاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە ماوەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە لێرەو لەوێ هەندێك لێدوان و راگەیەندراوی نابەرپرسیارانە لەسەر مووچە بڵاودەكرێتەوە بەپێوستمان زانی چەند ڕاستیيەك بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو.

لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی هەرێمدا هاتووە، بە درێژایی چەند مانگی رابردوو بە بەردەوامیی تیمە تەكنیكیيەكانمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق لەسەر هێڵ بوون بۆ چارەسەری كێشە تەكنیكیيەكانی لیستی مووچە و بەشی زۆری كێشە هونەریەكانی لیستی مووچە چارەسەركراوە و لە ئێستاشدا تیمەكانمان لەبەغدان بۆ چارەسەری كێشەی گواستنەوەی پارە لە تەرخانكراوەكانی هەرێم و رادەستكردنی لیستی مووچەی مانگی كانوونی یەكەم بە وەزارەتی دارایی عێراق.

وەزارەتی دارایی هەرێم دەشڵێت،”سەبارەت بە راگەیەندراوی بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق كە ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر مووچەی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، هەرچەندە جەنابیان لەو ئەركەیدا نوێیە و چەند رۆژێكە دەستبەكاربووە، بەبیریان دێنینەوە كە ئەو بەشێكە لە وەزارەتی دارایی عێراق، پێویست بوو لە وەزارەتەكەی خۆی هەوڵی چارەسەری ئەو كێشانە بدات كە بۆ مووچەی هەرێمی كوردستان دروستكراوە و تا ئێستاش بەردەوامە، ئەو بابەتانەی باسیكردوون لە بنەڕەتدا كێشەی دەستكردن و سیاسین كە وەزارەتی دارایی عێراق دروستیكردووە”.

لە وەڵامی رێباز حەملاندا وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت، “پێویستە ئەو بەڕێزە سەرقاڵی چارەسەركردنی ئەو كێشانە بێت لە وەزارەتەكەی خۆی نەك لەوەكیلی ئێمەوە قسەبكات، ئەوەی نوێنەرایەتیی ئێمە دەكات تیمەكانمانن كە ئێستا لە بەغدادن نەك بەڕێزیان، ئەوەی قەبارەی كێشەكانی ئێمەی چارەسەركردووە لە رابردودا هەر تیمەكانی ئێمەبوون، لە رۆژی دەستبەكاربوونی جەنابیانەوە تاوەكو ئێستا هەنگاوێكی ئیجابیمان لێ نەبینیووە، ئومێدەوارین بە ئەركی خۆی هەستێت واتە كاری خۆی لە وەزارەتەكەی جێبەجێبكات، هەرێمی كوردستان لە دەستێكی ئەمیندایە و هەموو ئەو بابەتانەی جەنابیان باسیكردووە ئاگامان لێی نییە، تیمەكانی ئێمە بەبێ ئاگاداری جەنابیان لە بەغدان”.

وەزارەتی دارایی جەختدەكاتەوە بەهیچ جۆرێك رێگاپێدراو نییە بەناوی ئێمەوە قسەبكرێت كە ئێمە كەسمان نەكردووە بە وەكیل، جەنابی نوێنەرایەتیی عێراق دەكات نەك هەرێم، پێویستە بەشێك بیت لە چارەسەری كێشەكان، ئەوەی نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان دەكات وەزارەتی دارایی هەرێم و حكومەتی هەرێمە ، بۆیە هیوادارین جەنابیان بەئەركی خۆیان هەستن و دەسەڵاتی خۆیان بزانن، نەك بێت لە بری وەزارەتمان قسەبكات ، لەم كاتەدا چاوەڕێمان دەكرد وەزارەتەكەی جەنابیان كۆی تەمویلی مووچەی دوو مانگی بناردایە نەك بێت هەواڵی مووچە بڵاوبكاتەوە كە ئەركی ئەو نییە.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بۆ بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق و هەموو لایەكی دووپاتدەكەینەوە كە هەر هەواڵ و زانیاری و بابەتێكی رەسمیی تایبەت بە مووچە ئەرك و تایبەتمەندیی وەزارەتمانە و هەر زانیاری و داتا و هەواڵێكی مووچە لەپێگەی رەسمی و پێگەكانی حكومەتی هەرێم بڵاونەبێتەوە جێی متمانە نییە و ڕەتكراوەیە، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بەرپرس و تاكە لایەنی رەسمییە بۆ مامەڵەكردن لەسەر كات و شێوازی دابەشكردنی مووچە.

بابەتی پێشتر

لە چەند وڵاتێك پێدانی مافی پەنابەرێتی بە هاوڵاتییانی سوریا راگیرا

بابەتی دواتر

نەجمەدین محەمەد: تەوتینی مووچە لە رێگای بانكەكانی رەشید و رافیدەینەوە بێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share