ئیدارەی خۆسەری دیموکرتاتیک رایگەیاند، لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سوریای ئامادەین بۆ گفتوگۆکردن و هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد.
ئیدارەی خۆسەر، لە پارێزگای رەقا کۆنفڕاسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدان و راگەیەندراوێکی بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی خوێندەوە و باسی لەوەکرد، ئەوان پابەندی ئەو پرەنسیپ و بنەمایانەین کە لە ماوەی رابردوودا لەچوارچێوەیاندا کاریان کردووە.
وتیشیان، “ئێمە وەک بەشێک لە پێکهاتە و لە جوگرافیای سوریا لەپێناو پاراستنی گەلی سوریا و یەکپارچەیی خاکی سوریا، کاردەکەین. ئێمە زمانی دیالۆگی ئاشتییانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە بێ پەراوێزخستنی هیچ لایەنێکی سوری، بە بنەما دەگرین”.
باسیان لەوەشکرد، جەختدەکەینەوە کە ئێمە لە بوونیادنانی سوریایەکی دیموکراتیک و فرەڕەنگدا کە مافەکانی هەموو گەلانی سوریا بە بێ جیاوازی مسۆگەر بکات، رۆڵێکی پێشەنگانە دەگێڕین.
داوایان لە هەموو هێزە سیاسییەکانی سوریا کرد راوەستە لەسەر ماوەکانی رابردوو بکەن و وانەی لێوەفێربن، هاوکات هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی وڵاتەکە لە ئاڵۆزی بخەنەگەڕ.
هاوکات، پیرۆزباییان لە گەلی سوریا کرد و ئاماژەیان بەوەکرد، دوای 14 ساڵ لە تێکۆشان و پێکدادان، رژێمی ستەمکاری سوریا بە هەموو دامەزراوە و سوپاکەیەوە، رووخا. ئەو رژێمە ناسنامەی نەتەوەیی و کەلتووری پێکهاتەکانی سوریای پشتگوێ خست، سیاسەتی پێشێلکاری لە دژی هێزە دیموکراسی خوازەکان بەڕێوەبرد و نکۆڵی لە مافەکانی گەلانی سوریا کرد.