فوئاد حسێن: عێراق پشتگیری لەو دەستپێشخەرییانە دەکات کە ئامانجیان بەدیهێنانی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا

وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند، “عێراق پشتگیری لەو دەستپێشخەرییانە دەکات کە ئامانجیان بەدیهێنانی هاوسەنگی و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا”.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە، ئەمڕۆ هەینی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەغداد لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە.
بەپێی بەیاننامەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و بەتایبەت دۆخی سوریا کرا، هەردوولا نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە جددیەتی ئەو پێشهاتانە دەربڕی کە لەوێ روودەدەن و کاریگەرییان لەسەر تەواوی ناوچەکە هەیە”.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، فوئاد حسێن، جەختی لەوە کردەوە کە عێراق پاڵپشتیی هەموو ئەو دەستپێشخەرییانە دەکات بە ئامانجی بەدیهێنانی هاوسەنگی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا هەن، ئامادەیی وڵاتەکەی دەردەبڕێت بۆ دابینکردنی هەموو شتێکی پێویست بۆ بەشداریکردن لە بەدیهێنانی ئاشتی و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.
جەختیشی کردەوە، “ئەوەی لە سوریا روودەدات راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاسایشی هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران هەیە”.
وەزیری دەرەوەی عێراق، باسی لەوەش کرد، “ئاسایشی ناوچەکە بەتەنها بەڕێگەی سەربازی بەدی نایەت، جەختی لەسەر گرنگی ئەو رۆڵە کردەوە کە دیپلۆماسی دەبێت بیگێڕێت لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و دامەزراندنی سەقامگیریی ناوچەکە”.
بابەتی پێشتر

پەیامێک لە محەمەد شیاع سودانییەوە

بابەتی دواتر

لێخوڕی ماتۆڕسکیلێک گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share