کێشەی مووچەی هەرێم بۆ ساڵی 2025 بەردەوام دەبێت؟

کێشەی مووچە لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو پرسانەی مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە، ماوەی 10 ساڵە مووچەخۆرانی هەرێم هیواخوازی چارەسەری ئەم بابەتەن و ئەمڕۆ کە لە 5ی 12داین مووچەی مانگەکانی 10 و 11یان وەرنەگرتووە و چاوەڕوانی راگەیاندنی لیستی مووچەی مانگی 10ن.

لەماوەی ساڵانی رابردوودا، پاشەکەوتی مووچە کراوە، چەندین مووچە دابەشنەکراوە، جگە لەوەی لێبڕین کراوە و چارەنووسی چەندین مووچە بە نادیاری ماوەتەوە، وەک سێ مووچەی کۆتایی ساڵی 2023 کە نە هەرێم و نە بەغداد خۆیان نەکردووەتە خاوەنی.

فەرمانبەران و خانەنشینان، هیواخوازن دەرچەیەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەم پرسە و کۆتایی بەو نەهامەتییە بهێندرێت کە بەرۆکی خۆیان و خانەوادەکانیانی گرتووە، جگە لەوەش کاریگەریی لەسەر کاسبکاران و بازاڕەکان و جووڵە بازرگانییەکان درووستکردووە.

بابەتی تەوتین کاتێک هاتەبەر باس، و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەرچوو سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و کرایە بەرپرسیارییەتی لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق، هەمووان هەستیان کرد، کێشەکە لە چارەسەر نزیکە و چی دیکە مووچە دوانەکەوێت، بەڵام کێشەکە بەردەوام بوو.

رۆژی 4ی 12ی 2024 محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چووە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەوێ ئەندامانی ئەنجومەن پرسیاریان لێی کرد، بۆ ئەم سێ مانگەی کۆتایی ئەمساڵ چۆن بابەتی مووچە چارەسەر دەکەن و ئەو 763 ملیار دینارەی نێردراوە بۆ مووچە، حکومەتی هەرێم دەڵێت بەشم ناکات و ناتوانم مووچەی پێ دابەش بکەم، لە وەڵامدا وتی، جێبەجێنەکردنی ماددەکانی ناو پڕۆژەیاسای بودجە و کێشەی رادەستنەکردنی داهاتی نانەوتی و گومرگی و خاڵە سنورەکانی هەرێمی کوردستان بە بەغداد کێشەی بۆ مووچە دروستکردووە و مووچە لە چوارچێوەی ئەو پشکە دەبێت کە بۆ مووچە دابینکراوە و تەنها ئەو بڕە دەنێردرێت کە بڕیاری لێدراوە.

سەرەڕای ئەوەی دەنگۆی ئەوە هەیە، وەزارەتی دارایی عێراق هەندێک بڕە پارەی دیکە بۆ هەرێم رەوانە بکات، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لەو زانیارییانە رەسمی نین، نازاندرێت چۆن چارەسەری کێشەکە دەکرێت و مووچە دابەش دەکرێت.

لای خۆشیەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، تەنها جیاوازی لە نێوان ساڵی 2025 و 2024، بابەتی هەمواری یاسای بودجەیە کە تیایدا خاڵێکی تێدایە، تایبەتە بە کرێی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێدەچێت پارەکە لە 6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکەوە بکرێتە 16 دۆلار و زیاتریش.

بەهۆی ئەوەی پڕۆژە یاسای بودجە کە پەسەندکرا بۆ ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025ە، جیاوازییەکی بەرچاو لە یاسای بودجەدا ناکرێت، بەڵام ئەگەر پابەندییەکان لەلایەن هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵەوە جێبەجێ بکرێت، دەکرێت کێشەی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران چارەسەر ببێت.

بابەتی پێشتر

سودێکی گرنگی شکۆڵاتەی تۆخ ئاشکرادەکرێت

بابەتی دواتر

فراکسیۆنە کوردییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بایکۆتی دانیشتنیان کرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزارەتی خوێندنی باڵا میوانداریکردنی لیژنەی گفتوگۆ لەکاتی تاوتوێکردنی ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا قەدەغەدەکات

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بەبڕیارێک میوانداریکردنی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی گفتوگۆی ماستەرنامە و تێزی دکتۆرای لەلایەن خوێندکارانی…
Total
0
Share