وەزیری ناوخۆی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان مەرجی سەلامەتییان تیادا نییە و نایاسایین، بەڵام چارەسەركردنیان دەبێت بەجۆرێك بێت كە هاوڵاتییان زەرەرمەند نەبن.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە هەولێر رایگەیاند، ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان كێشەیەكی گەورەن، بەشێكیان لە خوارووی عێراقەوە بە پارچە داخڵ دەكرێن بۆ ئەوەی بكرێنە پارچەی یەدەگ، بەڵام لەلایەن قاچاخچییەكانەوە دەستكاری دەكرێن.
وتیشی، “هەبوونی ئەم ئۆتۆمبێلانە لەسەر شەقام ناتەندروستە، چونكە ئەم ئۆتۆمبێلانە لە رووی پتەوی و سەلامەتی ئامادەنین” ئاماژەشیدا، لە ئەگەری رووداوی هاتوچۆدا سەرنشینی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە ژیانیان لە مەترسیدا دەبێت.
نەهێشتنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە لەسەر شەقامەكان كارێكی باشە، بەڵام شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ نەهێشتنەكە دەبێت بەجۆرێك بێت كە هەموومان لەسەری رێكبكەوین، رێبەر ئەحمەد وای وت.
دووپاتیشیكردەوە، دەبێت ئالیەتێكی كارگێڕی و یاسایی هەبێت، بەجۆرێك نە خەڵكی هەژار زەرەرمەند بێت، نە سەلامەتیی هاتوچۆش لە هەرێم بكەوێتە مەترسییەوە.
وتەی وەزیری ناوخۆ لەكاتێكدایە، ساڵی رابردوو وەزارەتەكە تۆمار و ناونووسیی بۆ ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە ئەنجامدا، بەڵام تائێستا رەتیكردووەتەوە ژمارە یان ئاڕم یاخود رێگەپێدانیان پێبدرێت.