بەگوێرەی نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە و ئەمڕۆ دەرچووە، 102 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوادەکەن، مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان و کەمئەندامانی هەرێم هاوتای عێراق بکرێت.
نووسراوەکە لەلایەن سروە محەمەد رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنەکە کراوە و واژووی 102 ئەندامی ئەنجومەنەکەی لەسەرە و داوا دەکرێت مووچەی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانی هەرێم لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق هاوتا بکرێت بەهۆی سەختیی باری ئابوورییانەوە بەهۆی دۆخەکەیان کە رێگرە لەوەی کاربکەن.
هەر لە نووسراوەکەدا، ئاماژە بەوەشکراوە، بە گوێرەی زانیارییەکان نزیکەی 101 هەزار کەسی کەمئەندام لە هەرێمی کوردستان هەیە لەگەڵ 13 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت.
ئەمە لەکاتێکدایە، مووچەی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانی هەرێمی کوردستان بە 150 هەزار دینار دیاریکراوە و بەردەوام گلەیی لە بارودۆخی ژیان و گوزەرانیان دەکەن بەهۆی ئەوەی پارەکە بەشی ژیانیان ناکات، بەڵام لەناوچەکانی دیکەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کەمئەندامان 250 هەزار دینار وەردەگرن.