بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەبچێت.
قوباد تاڵەبانی، سەرۆکایەتیی وەفدی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و هەریەکە لە رێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سالار سەرحەد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ئەندامی وەفدەکەن.
هەروەها وەفدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری دەبێت و ئەندامەکانیش پێکهاتوون لە پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی.
کۆبوونەوەکە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و چەند پرسێکی دیکە تاووتوێدەکرێن.
لە چەند رۆژی رابردوودا هەردوو لایەنی یەکێتی و پارتی سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە ئەنجامداوە.
ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممەی داهاتوو 2ی کانوونی یەکەمی 2024 یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.