دابەشنەکردنی مووچە ئەگەری بایکۆت دەهێنێتە ئاراوە

ماوەی زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆرانی هەرێمدا تێپەڕبووە و تا ئێستا لیستی مووچەی مانگی 10 رانەگەیەندراوە و دەنگۆی راگەیاندنی بایکۆت جارێکی دیکە لەنێوان مامۆستایان و فەرمانبەران بڵاوبووەتەوە.

بەرهەم مستەفا، ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، یەکێک لە کێشەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم ئەوەیە خواردنی مووچەکانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بووەتە کلتور، ساڵانە دوو مووچە بۆ سێ مووچەمان دەبەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەوەی ئێستا بەغداد بەرامبەر بە مووچەخۆرانی هەرێم دەیکات 70% تاوانی بەرپرسانی هەرێمە کە هەموو جارێک لیستی مووچە بە هەڵە بنێرێت، هەرچەندە ئێمە لەمە تێدەگەین کە لەو لیستانەدا جێگای کۆمەڵێک بندیوار دەکەنەوە و ئێمە باجەکەی دەدەین”.

وتیشی، بەشێکی زۆری مامۆستایان لە دۆخێکی خراپی ژیاندان، هەربۆیە باس لە دەستپێکردنەوەی بایکۆت دەکەن لەگەڵ ئەوەی ئەزموونێکی خراپمان لەگەڵیدا هەیە، لە ئێستادا لە چەند خوێندنگەیەک لە قەزا و ناحیەکان بایکۆت راگەیەندراوە.

ئەو ئەندامەی یەکێتیی مامۆستایان جەختیکردەوە، “پشتگیری لە داوا رەواکانی مامۆستایان دەکەین، ئەگەر تەنانەت بایکۆتیش بێت، چونکە ئێمە نوێنەرایەتی بەشێکی گەورەی مامۆستایان دەکەین”.

جیاواز لە مامۆستایان و فەرمانبەران ئەو مامۆستایانەی چەند مانگێک لەمەوبەر لە وانەبێژییەوە کرانە گرێبەست جگە لە مووچەکانی مانگی 10 و 11 شایستە داراییەکانی مانگی 7 و 8 ی کاتی وانەبێژییان وەرنەگرتووە.

عەلی رەئوف نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “وا نزیکدەبینەوە لە مانگی 12 هێشتا ئاسۆی ئەو مووچە و شایستە داراییانەمان دیارنییە، ئێمە لەگەڵ نوێنەرەکانمان قسەدەکەین، هەرچی هەنگاوێک بۆ بەرگریی لە مامۆستایان دەیگرینە بەر”.

باسیلەوەشکرد، وەزارەتی پەروەردە مامۆستای راهێنەری بۆ هێناوین دەڵێن دەبێت دەبێت بە تیۆری سوکرات وانەبڵێنەوە لە کاتێکدا خۆیان بە تیۆری مۆزەمبیق مووچە دابەشدەکەن”.

بابەتی پێشتر

دهۆك.. رووداوێكی سەختی هاتوچۆ چوار قوربانی لێكەوتەوە

بابەتی دواتر

زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم کاریگەری لەسەر بودجەکەی دەبێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share