هاتوچۆی سلێمانی، رایگەیاند، کامێراکانی چاودێریی خێرایی رێگای تاسڵوجە-چەمچەماڵ لە تێستدان و رۆژی چوارشەممە دەکەونەکار.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاگاداری شۆفێران دەکەینەوە ئێستا کامێراکانی سیستەمی چاودێریی خێرایی جێگیر بە سیستەمی خاڵ بۆخاڵ (پۆینت تو پۆینت)ی نێوان تاسڵوجە – چەمچەماڵ، بە وردتر لە سەرەتای پردی تاسڵوجە تا کۆتایی بازگەی (بانی مەقان) لە قۆناغی تێستدایە و کارەکانی تەواوبووە.
دەشڵێت، رۆژی چوارشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2024 کاتژمێر 12:00 ی نیوەڕۆ دەکەونەکار و سەرپێچیی تیژڕەوی تۆماردەکەن.
هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، باس لەوە دەکرێت شۆفێر لە ئاستی کامێراکان بەخێرایی یاسایی بڕوات دواتر خێراییەکەی زیادبکات تا ئاستی کامێرایەکی تر وە دووبارە هێواشی بکاتەوە خێرایی تۆمار ناکات، دڵنیابن کە ئەم بۆچوونە هەڵەیە، چونکە سیستەمی خاڵ بۆ خاڵ ( پۆینت تو پۆینت) ئەو ماوەیەی نێوان کامێراکان هەژمار دەکات وە سەرجەم کامێراکان بە هەردوو ئاراستە لە نێوان تاسڵوجە – چەمچەماڵ و بە پێچەوانەوە بەرەو ئاراستەی سلێمانی بەستراونەتەوە بەیەکەوە کە ژمارەیان 28 کامێرایە.