هەوڵدەدرێت كارگەكانی عێراق زیندوو بكرێنەوە

وەزیری پیشەسازیی عێراق ئاشكرایكردووە، 12 كارگەیان خستووەتەوە كار و پێنجی دیكەش لەماوەی شەش مانگدا دەكەونەوە كار.

لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا، مەنهەل عەزیز، وەزیری پیشەسازی و كانزاكانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 17ی كانونی دووەم ڕایگەیاندووە، “وەزارەتمان پلانێكی ڕاستەقینەی دەستپێكردووە بۆ زیندووكردنەوەی 17 كارگە كە پێشتر پەكیان كەوتووە، 12یان دەستیان بە كار كردووە و پێنجی دیكەشیان ماون و لەماوەی شەش مانگی داهاتوودا ئەوانیش دەكەونەوە كار”.

وەزیرە عێراقییەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “لە پاش ساڵی 2003ەوە سێكتەرەكانی بەرهەمهێنان زەبری كوشندەیان پێگەیشتووە، 225 كارگە لە كار كەوتوون كە 83یان بە تەواوی لەناوچوون”.

ئاشكراشیكردووە، پلانی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق ئەوەیە سەرجەم ئەو كارگانە زیندوو بكاتەوە بۆ ئەوەی دەستی كاری عێراقی بخاتە كارەوە و بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بكات.

“گۆڕانكاری لە بەهای دۆلار دەرفەتی داوە بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ زیاد بكرێت و كێبڕكێی ڕاستەقینە بێتە ئاراوە، دەمانەوێت پشتیوانی لە كەرتی تایبەت بكەین”، وەزیری پیشەسازیی عێراق وای وتووە.

بابەتی پێشتر

میسر.. سامانی 89 سەركردەی ئیخوان موسلیمین دەستیبەسەردا گیرا

بابەتی دواتر

ڕوونكردنەوەی تەندروستیی هەرێم لەبارەی حاڵەتە گوماناوییەكەی كۆرۆنا لە دهۆك

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share