فراكسیۆنی یەكێتی: داواكاریی مووچەخۆرانی مانگرتووی سلێمانیمان گەیاندە بەغداد

لە دوای پەسەندكردنی هەمواری یاسای بودجە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنەكە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و سەرۆكی فراكسیۆنەكەش دەڵێت،”داواكاریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانیمان گەیاندووەتە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیران و وەك فراكسیۆنیش پشتیوانی داوا ڕەواكانیان دەكەین”.

هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی ئەندامانی فراكسیۆنەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “یەكدەنگیی فراكسیۆنەكان بۆ تێپەڕاندنی هەمواری بودجە هەوڵێكی نیشتمانی بوو كە بتوانین لەم رێگایەوە چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدۆزینەوە كە نەوتی هەرێمی كوردستان بەپێی یاساكە لە رێگای كۆمپانیای سۆمۆوە دەست بە هەناردەكردنی دەكرێتەوە”.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی راشیگەیاند، “لەگەڵ بەشێك لە فراكسیۆنە كوردستانییەكانی دیكە یاداشتێكمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران كردووە كە تێیدا داواكاریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو بۆ مووچە لە پارێزگای سلێمانیمان گەیاندووە و هاوكات داواشمانكردووە كە مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوویان پێبدرێت”.

وتیشی: “وەك فراكسیۆنی یەكێتی جارێكی دیكە پشتیوانی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكەین و لەبەغداوە پشتیوانی لە داواكارییە رەواكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی دەكەین، هەروەها داوامان كردووە لیژنەیەكی بەپەلە لە ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەران دیاریبكرێن و سەردانی مامۆستایان فەرمانبەرانی مانگرتوو لە سلێمانی بكەن، داوای شكاندنی مانگرتنیان لێ بكرێت، چونكە ژیانیان لە مەترسیدایە و پەیامەكەیان گەیشتوەتە لایەنی پەیوەندیدار”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share