پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆ و راسپاردەی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی، یەکێتی دووەمین دیداری خۆی ئەنجامدەدات.
لیژنەی باڵای دیداری یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری لیژنەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە دەباشان کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی پەسندکراوی کۆنگرەی پێنجەم و راسپاردەی دواکۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ئەنجامدرا.
ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە باسکردن بوو لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دووەمین دیداری یەکێتی کە بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەدا، یەکێتی وەک حیزبێکی چالاک و خاوەن پێگەیەکی گرنگ لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، هەمووکات ئامادەکاری دەکات بۆ قۆناغ و ئەگەرە جیاوازەکان، ئێستاش لەپاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە ئەگەر و گۆڕانکاریی بەڕێوەیە وەک نەریتێکی یەکێتییانە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی دیدارەکە دەکەن.
دیداری ئەمجارەی یەکێتی لەسەر بنەمای سیاسەتەکانی یەکێتی لەبوارە جیاجیاکاندا و، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەموو چین و توێژەکان؛ ئامادەکاری بۆ قۆناغی داهاتوو دەکات لەپێناو باشتر خۆڕێکخستنەوە و خۆگونجاندنی زیاتر لەگەڵ پێویستییەکان و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.