لە نووسراوێكی رەسمیدا كە پارێزگای سلێمانی ئاراستەی بانكی ناوەندیی عێراقی كردووە داوادەكات پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی پارێزگاكە دەستپێبكات.
نووسراوەكە لە 4ی ئەم مانگە بە واژووی شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕی دەرچووە و ئاڕاستەی بانكی ناوەندیی عێراق كراوە تیایدا هاتووە، داواتان لێدەكەین رێنوێنی بدەنە بانكە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی پرۆسەی “توطین” بەبانكیكردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی پارێزگای سلێمانی ئەنجامبدەن پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ژمارە (224) لە 29ی شوباتی 2024.
بەپێی دەقی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەبانكی “توطین” بكرێت و، مووچەخۆران هاوشێوەی هاوتا عێراقییەكانیان راستەوخۆ لەلایەن بانكە فیدراڵییەكانەوە مووچەیان پێبدرێت.