بافڵ جەلال تاڵەبانی: تۆڵەی شەهیدان لە ئەستۆی ئێمەیە

سەرۆكی یەكێتی هاوخەمی بۆ شەهیدبوونی پلەدارێكی پێشمەرگە و پلەدار و سەربازێكی سوپای عێراق دەردەبڕێت و دەڵێت، “ناهێڵین خوێنی رژاوی رۆڵەکانمان بەهەدەر بڕوات”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند، شەهیدبوونی فەرماندە عەقید روکن سامان سابیر لە هێزەکانی پێشمەرگە و عەقید محەمەد رەزا و قارەمان شەریف سەرباز لە هێزەکانی سوپای عێراق لەکاتی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەشدا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان کۆستێکی گەورەیە و لە دڵەوە نیگەرانیکردین.

وتیشی، “بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکانیان، هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان دەکەم و هاوبەشی ئەم ماتەمە گەورەیەم”.

سەرۆكی یەكێتی دڵنیاییش بە كەسوكار و هاوسەنگەرانیان دەدات و دەڵێت، “تۆڵەی ئەم شەهیدانە لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی رژاوی رۆڵەکانمان بەهەدەر بڕوات”.

هەروەك هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت و ئاماژەدەدات، هیوادارم بەزووترین کات بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناو کەسوکارەکانیان.

کاتژمێر 9ی بەیانیی ئەمڕۆ لە سنووری خورماتوو، بۆمبێکی چێندراو بە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی فەرماندەی فەوجی سێی لیوای یەکی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەقییەوە و لەئەنجامدا پلەدارێكی پێشمەرگە و پلەدار و سەربازێكی سوپای عێراق شەهیدبوون و، سێ سەربازی دیكەش برینداربوون.

پێشتر وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رووداوەکە، لە ئەنجامی کێوماڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی ئاسایشی هاوبەش بووە.

بابەتی پێشتر

هەوڵێک بۆ بەقاچاخبردنی زێڕ لە فڕۆکەخانەی بەغداد شکستی پێهێندرا

بابەتی دواتر

عێراق بەرەو نۆیەم سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان هەنگاو دەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share