وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی 12ی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە.
بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامی وەرگرتن كلیك لێرە بكە.
د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، 96%ی ئەو دەرچووانەی داواكارییان پێشكەشكردووە وەرگیراون.
دڵنیاییشیدا، ئەو 4%ی ماونەتەوە كورسی لە زانكۆكان ماون و وەردەگیرێن.
لای خۆیەوە د. خەتاب شێخانی، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، كۆی گشتیی دەرچووان 56 هەزار و 130 دەرچووە، كە زیاتر لە 41 هەزاریان دەرچووی زانستی، زیاتر لە 13 هەزاریان وێژەیی، 410یان نێودەوڵەتی و 902 خوێندكاریش پیشەیین.
وتیشی، پلانی وەرگرتنی زانكۆ و پەیمانگاكان 64 هەزار خوێندكارە، لە كۆی دەرچووان 45 هەزار و 852 خوێندكار لە هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی داواكارییان پێشكەشكردووە، دەرچووی ساڵی رابردوو دوو هەزار و 471 خوێندكار داواكاری پێشكەشكردووە.
خەتاب شێخانی روونیشیكردەوە، لە كۆی 55 هەزار و 871 خوێندكاری ئەو دوو بەشە، 51 هەزار و 579 خوێندكار وەرگیراون. كە 44 هەزار و 215 یان دەرچووی ئەمساڵ و حەوت هەزار و 364 یان دەرچووی ساڵانی رابردوون.
ئاماژەشیدا، 96%ی دەرچووان وەرگیراون و، ئەو لە 4%ەی ماون و بریتین لە هەزار و 763 خوێندكار، ئەوانیش وەردەگیرێن، چونكە 13 هەزار و 299 كورسیی بەتاڵ ماون.