پێنج رۆژ پێش هەڵبژاردن
دوایین راپرسییەکان لەبارەی براوەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا یەکێکە لەو دیاردە کاریگەرییانەی هەر چوار ساڵێک زۆرینەی وڵاتانی جیهان بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات و بە رووداوێکی مێژوویی هەژماردەکرێت.

لە 20 ی ئەیلولەوە هەڵبژاردنی پێشوەخت لە سەرجەم ویلایەتەکانی ئەمریکا دەستیپێکردووە جگە لە هەرسێ ویلایەتی میسسپی و ئەلەباما و نیوهامشەر کە یاساکانیان رێگە بە دەنگدانی پێشوەخت نادەن.
لەو ماوەیەدا و تا ئەمڕۆ زیاتر لە 50 ملیۆن ئەمریکی بە رێگەی راستەوخۆ یان پۆستەوە دەنگی خۆیان داوە.

بڕیارە لە رێکەوتی 5 ی تشرینی دووەم دەنگدانی گشتی لە وڵاتەکە بەڕێوەبچێت و هەموو ئەو هاوڵاتییانەی لە دەنگدانی تایبەت دەنگیان نەداوە لەو رۆژەدا دەنگی خۆیان دەدەن.

بەپێی نوێترین ئامارەکان، بەراورد بە هەڵبژاردنی 2020 رێژەی بەشداریی لە دەنگدانی پێشوەختە کەمیکردووە، رێژەی بەشداریی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردن بەرزبووەتەوە و رێژەی بەشداریی دیموکراتەکان کەمیکردووە، بە شێوەیەک لە هەڵبژاردنی 2020 رێژەی 29% ی کۆمارییەکان بەشداریی دەنگدانی پێشوەختیان کردووە، بەڵام ئەمساڵ رێژەکە بۆ %35 بەرزبووەتەوە، دیموکراتەکانیش لە ساڵی 2020 بە رێژەی 45% بەشداربوون بەڵام ئەمساڵ رێژەکە بۆ 39% دابەزیوە.

هەرچەندە لە رابردوودا ببوە نەریتێک زۆرینەی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی پێشوەخت دەنگیاندەدا و کۆمارییەکان دەنگدانیان دەکردە رۆژی دەنگدانی گشتی، بە بۆچوونی شارەزایانی بواری هەڵبژاردن، ئەمە کاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نابێت.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە رۆژی دەنگدانی گشتیی دامەزراوە و ئاژانسە ئەمریکی و جیهانییەکان هەڵسەنگاندن و راپرسییەکانیان لەسەر براوەی هەڵبژاردن و زیادبوونی رێژەی دەنگەکانی کاندیدە سەرەکییەکانی هەڵبژاردن چڕدەکەنەوە.

بەپێی دوایین ئەو راپرسیانەی ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێن، رۆیتەرز و ئیبسوس کە بەجیا بڵاویانکردووەتەوە، کامالا هاریس پێش دۆناڵد ترەمپی رکابەری کەوتووە.

ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هامالا هاریس بتوانێت سەربکەوێت دەبێتە یەکەم ژنە سەرۆک دەبێتە یەکەم ژنی رەشپێست، یەکەم هاوڵاتی بە رەچەڵەک ئاسیایی کە ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، بەپێی راپرسییەکیش 57% ی ئەمریکییەکان دەترسن لە روودانی ئەمە بەهۆی ئەوەی گومانیان هەیە دۆناڵد ترەمپ ئەنجامەکان قبوڵ بکات و پێشبینی دەکەن هەمان رووداوەکانی ساڵی 2020 دووبارە ببێتەوە.

هاوکات زۆرینەی ئەو هاوڵاتییانەی کە بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە، پێیان وایە ئەگەر هاریس شکستیش بهێنێت ئەنجامەکان قبوڵ دەکات.

بابەتی پێشتر

راگەیەندراوێک لە کەشناسیی هەرێمەوە لەبارەی هاتنی شەپۆلێکی بارانبارین

بابەتی دواتر

یەکێتی لە بەغداد سکاڵای لەسەر "هەژماری من" و رێگریکردن لە "تەوتین" تۆمارکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share