وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێم وادەی دابەشكردنی یەکەکانی نیشتەجێبوونی بەسەر هاوڵاتییاندا ئاشكراكرد.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو یەکەکانی نیشتەجێبوون کە لە چوارچێوەی کارەکانی وەزارەتەكەیان لە ساڵانی رابردوودا خرابووە بواری جێبەجێکردنەوە، دابەشدەکەن بەسەر ئەو هاوڵاتییانەی لەڕێگای ئۆنلاینەوە فۆڕمیان پڕكردبووەوە و شایستەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەکانی وەزارەت بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان کارەکانی خۆیان تەواوکردووە بەپێی خاڵبەندی و تایبەتمەندیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و وتیشی، “یەکەکان بەشێکیان تەواو بوون و هاوڵاتییان دەتوانن کلیلی یەکەکانیان وەربگرن، هەندێکیان تەواو نەبوون و بەشێکیشان وەکو بینا تەواو بووە و کارە خزمەتگوزارییەکانی ماوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەر هاوڵاتییەک کە ناوی هەیە و یەکەیەکی لای حکومەت هەیە و حکومەت قەرزاری ئەو هاوڵاتیەیە کە دەبێت ئەو یەکەیەی بۆ تەواو بکات”.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە وتی، ئەو یەکانەی تەواو بوون و هاوڵاتیەکە کلیل وەردەگرێت، راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەت گرێبەست دەکات و تێچووی یەکەکان بە قیست و لە ماوەی 25 ساڵدا وەردەگیرێتەوە، بەڵام ئەو یەکانەی خزمەتگوزارییەکەی تەواو نەکراوە لەئێستادا هیچ بڕە پارەیەکی لێوەرناگیرێت.