سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رایدەگەیەنێت، پرۆسەی دەنگدان لە ناوەندەكاندا بە باشی بەڕێوەدەچێت و روونكردنەوەش لەسەر ئەو گرژییە دەدات كە لە بنكەیەكدا لە هەڵەبجە دروستبوو.
حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە هەولێر رایگەیاند، پڕۆسەی دەنگدان لەکاتی خۆیدا دەستیپێکرد، پڕۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت و داوادەكەین دەنگدەران پشوو درێژبن و پەلەنەکەن بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت.
وتیشی، “مۆبایل بردنە ژوورەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە کە باس لە بردنەژوورەوەی مۆبایل لەلایەن دەنگدەرانەوە دەکەن، ئەو گرژیەش کە لە هەڵەبجە دروستبوو گوایە رێگری لە بریکاری لایەنێکی سیاسی کراوە، ئێمە ئاگادارین کە ئەو بریکارە مۆبایلی لەگەڵ خۆی بردووەتە ژوورەوە، لەبەرئەوە رێگری لێکراوە و کردوویانەتە دەرەوەی بنکەکە”.
ئەمەش لەكاتێكدایە بەپێی چەندین تۆماری ڤیدیۆیی كە تۆڕی میدیایی ئێستا بڵاویكردووەتەوە، پێشێلكاری لەلایەن كادر و كاندیدانی پارتی لە نزیك ناوەندەكانی دەنگدان لە هەولێر و دهۆك ئەنجامدەدرێت، جگە لەوەی فشاری جۆراوجۆر دەخرێتەسەر دەنگدەران.