سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، ئەوەی لەناو یەكێتیدا روویدا سودفە نەبوو، بەڵكو پێش سێ ساڵ ستراتیژێكمان دانا و وتیشی، “ئێمە سیاسەتی نەوت و غازمان نییە، سیاسەتی نەوت و غاز دزینمان هەیە”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دوا كەرنەڤاڵی لیستی 129ی یەكێتی لە هەولێر وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، هەڤاڵان، خەڵكی كورد و كوردستان، ئەمە هەولێرە، ئەمانە خۆیان هاتوون، پێویستیان بە ئیعازی حكومەت نەبووە.
وتیشی، پێتان دەڵێم، كۆتایی بە چی دەهێنین، كۆتایی بەم نیزامە ئەهێنین. ئەوەی توانای ئەوەتان نییە سادەترین شت بۆ خەڵك بكەن كە مووچەیە، كۆتایی پێدەهێنین. زەوی نەما لە هەولێر، هەموو سەرمایەدارەكان رایانكرد و چوون بۆ دوبەی، كۆتایی بەوە دەهێنین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا دروشمی “هەولێر لۆ هەولێرییان” كە كاك دەرباز و كاك شاڵاو دایانناوە، ئەوە تەنها بۆ كوردەكان نییە، بۆ كریستیان و توركمانیشە.
روو لە بەشێك لە بەرپرسانی پارتیش باسی لەوەكرد، “فێرتان دەكەین كە ئێوە بەشەرن، فیرعەون نین”. ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر حزبێك هەبوو، بە ساختەكاری و زۆمبی و كۆتا، پێش دەستپێكی هەڵبژاردن، دەزانرا ئەنجامەكەی چییە، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە.
سەرۆكی یەكێتی راشیگەیاند، سەیری یەكێتیی ئەمڕۆ بكەن، بزانە بە سێ ساڵ چی كردووە. پێیانوایە، ئەوەی لەناو یەكێتی روویداوە، سودفەیە، نەخێر لە ئەوەلین رۆژەوە پێش سێ ساڵ ستراتیژێكمان دانا.
روو لە حكومەتیش وتی، “حكومەت با شەفاف بێت، لە چی دەترسێت، بە پارەی نەوتەكەی كە دەیدەزن، بە پارەی غازەكەی كە من ناهێڵێم بیدزن” و ئەوەشی وت، “ئەو گەندەڵییەی كەمینەیەك كە لەناو حیزبێك دەیكات، كاولی دەكەین”.
نەوت و غاز پێویستی بە ریفۆرمە، ئێمە سیاسەتی نەوت و غازمان نییە، سیاسەتی نەوت و غاز دزینمان هەیە، بافڵ جەلال تاڵەبانی وای وت.
سەبارەت بە هەڵبژاردنیش روونیكردەوە، ئەم هەڵبژاردنە ساختەكاری تیاناكرێت، دەنگی ئێوە دەخوات. نیو كاتژمێرم بدەنێ، بڕۆن دەنگبدەن بە یەكێتی، چوار ساڵ خزمەت بەرامبەر نیو كاتژمێر. متمانەتان پێمان هەبێت.سندوقەكان پڕكەن لە دەنگدان، با ئەو فیرعەونانە فێربن، بەڵێن بێت، كوردایەتی زیندوو دەكەینەوە، كەرامەتی میللەتەكەمان دەپارێزرین.
هەروەك روو لە ئامادەبووانی كەرنەڤاڵەكەش ئاماژەیدا، پەیامێكم هەیە، داواتان لێدەكەم تەماتە و شتم تێمەگرن، بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانی راستی، نەك ئەو كەمینەیەی پارتی خنكاندووە، بۆ شێخەكانی بارزان، بۆ ئەوانەی بەقەد ئێوە ناڕازین، ماڵە شەهیدەكان، زیندانییە سیاسییەكانی پارتی، تكاتان لێدەكەم، گوێ لە برا بچوكەكەتان بگرن، من دژی ئێوە نیم، من دوژمنی ئەو تاكڕەوییەم كە خەریكە كوردستان كاول دەكات.
پرسیاریشیكرد، توخوا پارتییەكان ژیانی ئێوە چۆنە، وەزعتان باشە؟ نەخێر هیچ باش نییە. دەزانم باش نین بەهۆی پاراستن. سوور ئەزانم ناتوانن رای خۆتان دەرببڕن. بارزانییەكان، ناوی ئێوەیان ناشرین كردووە، لە دونیا بارزانی و دیكتاتۆر خەریكە ئەبێت بە یەك كەلیمە. ئەمە بوو سیاسەتی شێخ ئەحمەدی بەرزان؟ و وتی، “جوێنتان بە منداڵەكانم دا، ئەمە ئەخلاقی بەرزانییە؟ جوێنتان بە موقەدەساتمان دا. ئەمەیە ئەخلاق؟”.
سەرۆكی یەكێتی بەسەرهاتێكی خۆی گێڕایەوە و باسی لەوەكرد، جارێك چووم بۆ لای جەنابی كاك مەسعود، لە میدیای پارتی نووسی جەنابی سەرۆك، بافڵی بینی، برادەرێك لە پیوكەی میدیا پێچەوانەی كردەوە نووسی سەرۆك بافڵ مەسعود بارزانی بینی، من بەهۆی ئەوە سێ مانگ پیوكەی میدیام داخست.
دووپاتیكردەوە، هەڤاڵانی بەرزان، پارتییە راستەقینەكان، حكومەت لای ئێمە بێت، ئێمە ئەوە ناكەین. من بەرنامەم نییە، عەزیەتی ئێوە بدەم. بۆ دەبێت شەهیدی ئەملا و ئەولا جیابێت؟
جارێكی دیكە پرسییەوە، پێتانوایە شەهیدەكانی پارتی، ماڵەكانیان، مناڵەكانیان و نەوەكانیان ئەم خاك فرۆشتنەیان بەدڵە؟ نەخێر ئێوە چەندتان پێناخۆشە، ئەوان دە هێندە پێیان ناخۆشە.
سەرۆكی یەكێتی داوایەكی دیكەی كرد و وتی، پارتییە راستەقینەكان و بارزانییەكان دەبێت پەیامێك بگەیەننە سەرەوە، كە بەسە ئەمەمان بەدڵ نییە.
هەر روو لەوان وتی، بارزانی و پارتییەكان، چارەسەری هەموو ئەمانە زۆر ئاسانە، یان دەنگ بدەن بە یەكێتی، یان دەنگ بە پارتی مەدەن.
لە كۆتایشدا وتیشی، “كاك مەسرور بەقوربان، ئەوە پەیامەكەی من بوو، بە لا ئیلاهە ئیلەلڵا ئەتوەستێنم” و ئەوەی وت”پەیامەكەم زۆر باش گەیشتووە”.