جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا جەختیکردەوە، دانا ئەحمەد مەجید بە هیچ شێوەیەک رێکخەری گشتی نیە چ بە وەکالەت بێت یان لە ژێر هەر ناوێکی تری ناقانونی و داتاشراودا.
لە راگەیەندراوێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، دانا ئەحمەد مەجید بە هیچ شێوەیەک رێکخەری گشتی نییە چ بە وەکالەت بێت یان لە ژێر هەر ناوێکی تری ناقانونی و داتاشراودا، لە “بە ناو” کۆبوونەوەی “بەناو” جڤاتی نیشتیمانی لە رۆژی چوار شەممە 9ی 10ی 2024 لە فەزاحەتێکدا باسی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیان کردووە لە رێگەی دەست هەڵبڕینەوە! لەو کۆبوونەوەدا تەنیا 11 کەسیان لە کۆی 32 ئەندامی هەڵبژێردراو لە جڤاتی نیشتیمانین.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەڕەشە کردن و پەلاماردانی هەڵسوڕاوی دیار و ئەندامی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان هۆشیار ئیسماعیل ناسراو بە هۆشیار شێرکاوەیی لەلایەن زانا دانا ئەحمەد مەجید کە سنووری ئەخلاق و قانونی بەزاندووە قبوڵکراو نییە، کردەوەیەکی قێزەونە، نامۆیە بە هەموو ئامانجەکانی بزوتنەوەی گۆڕان.
ئاشکراشیکرد، جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردانە، پێویستە تەواوی هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان پابەندی دەستور و جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوبن.