قوباد تاڵەبانی: یەکێتی پلانی تۆکمە و دیدگای روونی هەیە

قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، یەکێتی پلانی تۆکمە و روئیای روونی هەیە بۆ پێشخستنی کەرتی خوێندنی باڵا.

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە درێژەی کۆبوونەوەکانیدا لە ئیدارەی راپەڕین، لەگەڵ سەرۆک تیمەکانی زانکۆ و خوێندنی باڵای کەمپینی بانگەشەی یەکێتی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، هیچ هێزێکی سیاسی دیکە وەک یەکێتی پلانی تۆکمە و روئیای روونی نییە بۆ پێشخستنی کەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی. وتیشی، “وەکچۆن لە چەند ساڵی رابردوودا بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەمانبووە، هەوڵمانداوە بۆ بەستنەوەی زانکۆ بە بازاڕی کارەوە، ئەگەر یەکێتی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بگرێتە دەست، بە هەموو تواناوە کاردەکات بۆ پێشخستنی زانکۆکان”.

جەختیشیکردەوە کە لە راستکردنەوەی رێڕەوەی حکومڕانیدا زانکۆکان و توێژەران و کەسانی ئەکادیمی رۆڵی بنەڕەتیان دەبێت، چونکە پێمانوایە حکومڕانییەکی تەندروست، ئەو حکومڕانییەیە کە بە شێوەیەکی زانستی بڕیار لە چۆنییەتی ئیدارەدانی کەرتە جیاوازەکان دەدات نەک بەپێی تێگەیشتن و میزاجی تاکەکەسی.

لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی لە گرنگیی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان کرد و رایگەیاند، وەکچۆن لە سێ ساڵی رابردوودا گۆڕانکاریی گەورەمان لە یەکێتیدا کردوە و ئەم یەکێتییەی ئێستا یەکێتی پێش سێ ساڵ نییە، لە دوای هەڵبژاردنەکانیش پلانی یەکێتی ئەوەیە گۆڕانکاریی گەورە لە شێوازی حکومڕانیدا بکات و ئەو خواروخێچییانە راستبکاتەوە کە هەموو کەرتەکان بە دەستییەوە دەناڵێنن.

قوباد تاڵەبانی دوای روونکردنەوەی دۆخی لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە هەڵبژاردندا، رایگەیاند تەنها یەکێتی لە توانایدایە گۆڕانکاری راستەقینە بکات، هەربۆیە پێویستە مامۆستایان و خوێندکاران ئەمجارەیان پشتگیری یەکێتی بکەن و ئەو دەرفەتە بە یەکێتی بدەن تا گۆڕانکاری لە ئیدارەدانی هەرێمی کوردستاندا بکات.

بابەتی پێشتر

نوێترین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ

بابەتی دواتر

چەند خێزانێکی ئاوارە لە کەرکوک قەرەبوو دەکرێنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share