قوباد تاڵەبانی: گرنگترین پرسیار ئەوەیە کێ دەتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات

قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، ئەمجارەیان یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی هەموو ئامادەکارییەکی کردوە بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانکارییەکە بکات کە خەڵک داوایدەکەن.

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتیی سەرۆک مام جەلال، لە ئیدارەی راپەڕین لەگەڵ سەرۆک تیمەکانی کەرتی تەندروستی کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی باسی لە کێشەکانی کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان کرد و سوپاسی پزیشکان و کارمەندانی کەرتی تەندروستی کرد کە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە لەژێر فشارێکی سەختدا بوون، کەچی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە خزمەتکردنی هاوڵاتییان بەردەوام بوون.

وتیشی، “دڵنیام زۆربەی پزیشکان و کارمەندانی کەرتی تەندروستی نە لەم شێوازە حکومڕانییەی ئێستا رازین، نە لە دۆخی کەرتی تەندروستی رازین و نە لە دۆخی ژیان و گوزەرانی خۆیان رازین و داوای گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە شێوازی حکومڕانیدا دەکەن”.

قوباد تاڵەبانی، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی لە گرنگیی هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانی کرد و رایگەیاند، جیاوازیی هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەوەیە کە ئەنجامەکەی گۆڕانکاری لێدەکەوێتەوە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوای سێ ساڵ لە خۆڕێکخستنەوە و خۆبەهێزکردن بڕیاری یەکلاکەرەوەی داوە بۆ گۆڕانکاری لە شێوازی حکومڕانی هەرێمی کوردستان.

لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال دوای روونکردنەوەی دۆخی لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە هەڵبژاردن، رایگەیاند، لەم هەڵبژاردنەدا گرنگترین پرسیارێک کە دەبێت هەر دەنگدەرێک لە خۆی بکات، ئەوەیە کە کێ دەتوانێت گۆڕانکاری بکات و کام هێز و لایەن، توانا و کەرەستەی پێویستییان لەبەردەستدایە کە رێڕەوی حکومڕانی راست بکاتەوە؟

ئاماژەی بەوەشدا، گەلی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا ئەزموونی زۆریان هەیە لەگەڵ ئەو لایەنانەی بانگەشەی گۆڕانکارییان دەکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەرەستە و هێزی پێویستیان نەبوو، نەک هەر سەرکەوتوو نەبوون بەڵکو دۆخەکەش خراپتر بوو، بەڵام ئەمجارەیان یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی هەموو ئامادەکارییەکی کردوە بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانکارییەکە بکات کە خەڵک داوایدەکەن، هەربۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان ئەمجارەیان ئەو دەرفەتە بە یەکێتی بدەن و سەرکەوتنی یەکێتیش لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتنی هەموو خەڵکی کوردستانە.

بابەتی پێشتر

کەسوکاری کوژراوێک لە هەولێر ناڕەزایی دەردەبڕن

بابەتی دواتر

مەترسییەكانی پیسبوونی ژینگەی دهۆك لە راپۆرتی میدیایەكی جیهانیدا دەخرێتەڕوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share