دەستەی گومرگی عێراق بڵاویکردەوە، داهاتی گومرگی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی یەک ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، باسی لەوەشکردووە، هەنگاوەکانی چاکسازیی لە گومرگەکاندا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئاستی داهاتەکان دروستدەکات.
حەسەن عەکیلی، سەرۆکی دەستەکە بە ئاژانسی هەواڵیی عێراقی راگەیاندووە، داهاتی گومرگی لە ماوەی ساڵی 2022دا 807 ملیار دینار بووە، لە ساڵی 2023 دا داهاتی ئەو دەستەیە بۆ یەک ترلیۆن و 33 ملیار بەرزبووەتەوە، کە بە رێژەی 28% زیادیکردووە.
دەشڵێت، “بۆ ئەمساڵ تەنها لەماوەی سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی تەمموز گەیشتووەتە ترلیۆنێک و 145 ملیار دینار”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ویستی ئەوان ئەوەیە داهاتەکان تا کۆتایی ساڵ بگاتە دوو ترلیۆن دینار، هەرچەنە ئەو رێژەیەی ئێستا هێشتا لە خوار ئاستی ویستەکانی ئەواندایە.