مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بۆ ساڵڕۆژی كۆچی یەكجارەكی و نەمری سەرۆك مام جەلال پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال سكرتێری یەكێتی و رابەری شۆڕشی نوێی گەلەكەمان، یەكەم سەركۆماری هەڵبژێردراوی عێراقی دیموكرات و فیدراڵ، هەموو لایەكی خەمبار و دڵتەنگ كرد، چونكە مام جەلال لە ئەزموونی خەبات و تێكۆشانی زیاتر لەشەست ساڵیدا، هەمیشە داكۆكیكار بوو لە كۆمەڵانی خەڵك”.

دەقی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی:

لە 3ی ئۆكتۆبەری 2017، كوردستان و عێراق و جیهان، رابەرێكی مەزن، شۆرشگێرێكی پشوودرێژ، دیپلۆماتكارێكی بەتوانا و نووسەرێكی بە سەلیقە و مافناسێكی دادپەروەر و یەكسانیخواز و سیمبوولی پێكەوەژیان و خەباتی دیموكراسی لەدەستدا.

كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال سكرتێری یەكێتی و رابەری شۆڕشی نوێی گەلەكەمان، یەكەم سەركۆماری هەڵبژێردراوی عێراقی دیموكرات و فیدراڵ، هەموو لایەكی خەمبار و دڵتەنگ كرد، چونكە مام جەلال لە ئەزموونی خەبات و تێكۆشانی زیاتر لەشەست ساڵیدا، هەمیشە داكۆكیكار بوو لە كۆمەڵانی خەڵك، لە رەنجدەرانی بیروبازوو، بەرگریكار و خەمخۆری خانووە قوڕەكان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە و كەمئەندام و زیندانییانی سیاسی بووە، هەموو هەوڵ و جووڵە دیپلۆماسییەكانی بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی دیموكراسی و ئاشتی و دیموكراسی و مافە ڕەواكانی گەلەكەمان بووە بە مافی چارەی خۆنووسینیشەوە.

مامی گەورەمان رچەشكێن و سەرمەشقی برایەتیی گەلان ‌و چارەسەركردنی كێشەكانی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق ‌و قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی نێوان هێزە سیاسیەكانی كوردستان ‌و عێراقیش بووە، لە ناوچەكەش فاكتەری سەقامگیری و پەیوەندیی باش و هاوسەنگ بووە لەگەڵ دەر و دراوسێی، بە ئەزموون و بیری وردی ئیدارەی كێشە و قەیرانە زۆر و زەوەندەكانی داوە.

لەژێر چەتری رابەرایەتی ‌و سەرۆكایەتیی مام جەلال دا، ئازادیی بیروڕا، رەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ خەباتی مەدەنی‌ و دیموكراسیانەی هەموو چین ‌و توێژەكان بە مافی بێچەند و چۆنی ژنانیشەوە گەشە و نمای كردووە، لەسەر ئاستی توێژ و چینەكانی كۆمەڵگە، بڕوای بەهێزی بە خەباتی رێكخراو و سەندیكاكان هەبووە، تا لە رێگای خەباتی پیشەیی و مەدەنییەوە بتوانن ماف و ئازادیی زیاتر بەدەستبهێنن بە تایبەتی خەباتی خوێندكاران و لاوان و تێكۆشانی یەكسانیخوازی ژنان.

ئەمڕۆ لە كاتێكدا ساڵڕۆژی ماڵئاوایی ئەو رابەرە مەزنەمان دەكەینەوە، كوردستان و عێراق زۆر پێویستیان بە دونیابینی و حیكمەت و دانایی سەرۆك مام جەلال هەیە، لەسەر ئاستی كوردستاندا لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازداین، كە لەسەر ڕێبازەكەی نەخشەی حوكمرانی و هێز بە قازانجی دیموكراسی و باشبوونی بار و گوزەرانی خەڵكی كوردستان وەردەچەرخێنین.

لە ئاستی عێراق و ناوچەكەش دۆخی دژواری بەریەككەوتن و شەڕ و ناكۆكی دەورانێكی ناجۆری دروستكردووە كە هەر بە رۆحی ئاشتیخوازانە و دەستپێشخەریی دانایی تێزەكانی سەرۆك مام جەلال رێی چارەسەری دەدۆزێتەوە.

جارێكی تر لەم ساڵڕۆژە شكۆمەندەدا:

-سڵاو لە رۆحی پاكی سەرۆك مام جەلال، شكۆی نەتەوە و نیشتمان، سەممام ئەمانی وڵات.

-نەمری بۆ گشت شەهیدانی گەلی كوردستان، شەهیدانی دیموكراتی و رزگاریی عێراق لە ستەمكاری و دیكتاتۆری.

هەر ئاوەدان بێت رێبازی ماممەكتەبی سیاسیییەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتی پێشتر

وەزارەتی دارایی هەرێم: رۆژی هەینی مووچەی مانگی ئاب دابەشدەكرێت

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی: یەكێتی چاوی لەوەیە بە بەشداریی كاریگەریی ژنان و گەنجان لەم هەڵبژاردنەدا سەركەوتنی گەورە تۆماربكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share