ناسەقامگیریی سیاسی باڵی بەسەر لوبناندا کێشاوە و ئەمریکا تۆمەتباردەکرێت

دوابەدوای کوژرانی حەسەن نەسڕوڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی، ناسەقامگیریی سیاسی باڵی بەسەر لوبناندا کێشاوە و چاوەڕوانی دیاریکردنی جێگرەوەی دەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە، سەدان خێزانی هەڵاتووی لوبنانی لەسەر شەقامەکان رۆژ دەکەنەوە.

رۆژی شەممە، بە رەسمی کوژرانی حەسەن نەسڕوڵڵا راگەیەندرا، دوابەدوای ئەوەش چەندین هێرشی مووشەی چڕ کرایە سەر باشووری بەیروت، بەهۆی هێرشەکانەوە خەڵکێکی زۆری باشووری لوبنان و نزیک پایتەخت ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و بەشێک بەرەو باکووری وڵات و بەشێکی دیکە بەرەو وڵاتانی دیکەی چواردەور ئاوارە بوون.

دوابەدوای رووداوەکەش، راپۆرتێکی ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی بەریتانی ئاماژەی بەوەکرد، سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان ئامادەدەکات، بەڵام ئەگەر پێویست نەکات ئەو کارە ناکات.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا هاوبەشە لە کوشتنی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی، دووپاتیشیکردەوە، “ئەو کارە بەبێ کاردانەوە تێپەڕنابێت”.

عێراقچی باسی لەوەشکردووە، لە ئامادەباشیداین بەهۆی مەترسییەکانی جەنگێکی فراوانەوە لەناوچەکە و هۆشداریدا لەوەی دۆخی ناوچەکە مەترسیدارەوە و جێگەی
نیگەرانی لەرادەبەدەرە.

لەسەر هەمان پرس، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کوژرانی نەسڕوڵڵا دادپەروەری بوو بۆ رووحی هەزاران سڤیلی ئەمریکی و ئیسرائیلی و لوبنانی، وتیشی، ” بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی دۆزی ئیسرائیل دەکەین لە رووبەڕووبوونەوەی حزبوڵڵا و هەر لایەنێکی دیکەی پاڵپشتیکراو لەلایەن تارانەوە”.

کوژرانی حەسەن نەسڕوڵڵا، وەک کردارێکی ئاسایی تەماشا ناکرێت لە شەقامی عەرەبیدا، ئەو کەسە 32 ساڵ بوو رێبەرایەتیی حزبەکەی دەکرد، وەک سیاسیەتمەدارێکی کاریگەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەماشادەکرا، ئێستاش بۆ شوێنگرەوە هیچ کەسێک دیارینەکراوە بتوانێت هەمان کاریگەری ناوبراو دروستبکات، بەڵام لەماوەی چەند رۆژ و هەفتەی ئایندەدا دەبێت سەرکردەیەکی نوێی دیاریبکرێت.

هاوکات، دوو ناو لەناو حزبەکەدا چانسی زۆریان هەیە، ئەوانیش هاشم سەفیەدین و شێخ نەبیل قاوق، ئەندامانی حزبەکەن.

لە لایەکی دیکەشەوە، دوای کوژرانی حەسەن نەسڕوڵڵا، میلیشیا عێراقییەکان رایانگەیاند چەند مووشەکێکیان ئاڕاستەی شاری ئیلات لە ئیسرائیل کردووە.

بابەتی پێشتر

توێژینەوەیەک سوودی نەخۆشیی زەهایمەر ئاشکرادەکات

بابەتی دواتر

كەی دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاب دەكرێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە ئایندەی چاودێریكردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران نیگەرانە

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداریدا لە شکستهێنانی پرۆسەی چاودێریکردنی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران و دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی…
Total
0
Share