کاتێک ناوی پاییز دێت یەکەم شت چی بە مێشکتدا گوزەردەکات؟

بە گوێرەی ئەژمارە فەلەکییەکان، ئەمڕۆ یەکەم رۆژی پاییزی ساڵی 2024 دەستپێدەکات، ئەوەش دوای ئەوەی ماوەی شەو و رۆژ لە نیوەگۆی باکووری زەوی بە تەواویی یەکسان دەبێت.

بە گوێرەی قسەی کەشناسیی سلێمانی دەستپێکی وەرزی پاییزە ئەمڕۆ یەكشەممە کاتژمێر 03:43ی دواینیوەڕۆ بەكاتی هەرێمی كوردستانی عێراق، لە رووی فەلەكییەوە دەبێتە یەكەم رۆژو دەستپێكی وەرزی پاییز لە نیوەگۆی باكووری زەوی كە بە هاوسەنگبوونی پاییزی ناسراوە و ماوەكەشی 89 رۆژ و 20 كاتژمێر و 37 خولەك دەخایەنێت.

پاییز یەکێکە لەو وەرزانەی ساڵ کە کەشوهەوایەکی گونجاوی هەیە و گۆڕانکارییەکان بەخێرایی تێیدا روودەدەن، زەردبوون و وەرزی وەرینی گەڵا و بارینی نمەی باران، دابەزینی پلەی گەرمی، ئەمانە و چەند سیمایەکی دیکە هەیە کە لەم وەرزەدا چاوی مرۆڤ بۆخۆیان رادەکێشن.

پاییز، جگە لەوەی وەک وەرزێکی جوان نمایندەی خۆی دەکات، لەناوی ئەدەبیاتدا جێگەیەکی سەنگینی هەیە و ژمارەیەکی زۆر شعر و گۆران و تابلۆ لەبارەیەوە بوونیان هەیە لە زمانی کوردیدا، هاوشێوەی ئەوەی لای نەتەوەکانی دیکە و ئاخوتووانی زمانەکانی دیکە وەرزێکی سەنگینە.

پیرەمێرد لە پارچەیەک شعریدا لەبارەی پاییزەوە دەڵێت:

“پایز دڵتەنگە، پایز دڵتەنگە

هەوری نوێی پایز زویرو دڵتەنگە

رەشەبا لێمان بەژار و ژەنگە

گەڵاڕێزانە گوڵ ئاڵتوون رەنگە

شتاوان وەک مار لە دەشت پێچ ئەخۆن

وەک سەودا کاران شێت و سەرەڕۆن

تەم بە بەرگی شین سەرکێوی پۆشی

بولبول خزایە لانەی خامۆشی”

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share