بەبەشداری زیاتر لە 100 کۆمپانیا خولی حەڤدەهەمینی پێشانگای ساڵانەی نێودەوڵەتیی DBX لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
بڕیارە سبەی چوارشەممە 18ی ئەیلول لەنێو بینای پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی لە تاسڵوجە، پێشانگاكە دەستپێبكات.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی رایگەیاند، پێشانگاکە زیاتر لە 100 کۆمپانیا بەشداریان تێداکردووە لە بوارەکانی ئۆتۆمبێل، وەبەرهێنان، پیشەسازی، خۆراکی، پاکكەرەوە، پزیشکی، خوێندن و زانست.
وتیشی، “بەشداربووان تازەترین کار و بەرهەمەکانیان بۆ هاوڵاتیان و بازرگانان و پیشەسازان نمایشدەکەن”.
کۆمپانیا بەشداربووەكان بەشێکی زۆریان ناوخۆیین، ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی وڵاتانی دراوسێ بەشداریانکردووە و کۆمپانیا جیهانییەکانیش لە رێگەی بریکارەکانیانەوە لە هەرێمی کوردستان بەشداریانکردووە و نوێترین بەرهەمە جیهانیەکانیان لە پێشانگاكەدا نمایشدەکەن، نەوزاد غەفور وای وت.
ئەوەشی روونكردەوە، بەشێک لە نوێنەری وڵاتان، جێگری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی بەغداد، بریكاری وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکانی سلێمانی بەشداریدەکەن.
پێشانگاکە لە (9/18 تا 9/23) رۆژانە لە كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ بۆ 6ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.