بانكی بازرگانیی عێراقی شێوازی بەدەستهێنانی دۆلار بەمەبەستی گەشتكردن بۆ دەرەوەی وڵات و پێداویستییەكانی رادەگەیەنێت.
بانكەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، یەكەم داواكاری بوونی پاسپۆرتێكی عێراقی بەسەرنەچووە لەگەڵ ڤیزا یان مافی مانەوەی كارپێكراو، لەگەڵ پێناسەی باری شارستانی و رەگەزنامەی عێراقی یان كارتی نیشتمانی، كارتی زانیاری و بلیتی گەشتكردن، سەرەڕای پێشكەشكردنی بەڵێننامەیەك بە نەكڕینی دراوی بیانی لە هیچ لایەنێكی دیكەی ناو عێراق لە ماوەی مانگێكدا.
پێویستە گەشتیار عێراقی بێت و تەمەنی 18 ساڵ و زیاتر بێت.
شێوازی كڕین وەك ئەوەی بانكەكە روونیكردووەتەوە، دانانی پارەیە بە دیناری عێراقی لە یەكێك لە لقەكانی بانكەكە، وەرگرتنی دۆلاریش تەنها لە بنكەی بانكی بازرگانی دەبێت لە فڕۆكەخانەی بەغداد، بە پێشكەشكردنی ئەو فیشەیەی لەكاتی دانانی دینارەكەدا بە گەشتیار دەدرێت.
بانكەكە دەشڵێت، كەمترین ماوە بۆ دانانی پارە بەر لە گەشتكردن سێ رۆژ دەبێت، دۆلارەكەش بە گەشتیار نادرێت تا تەواوكردنی مامەڵەی گەشتكردن (Boarding pass) و پاش تەواوبوونی رێوشوێنەكانی مۆركردنی پاسپۆرت.
دووپاتیشیدەكاتەوە، لقی بانكەكەیان لە فڕۆكەخانەی بەغداد تایبەت دەبێت بە رادەستكردنی دۆلار بە گەشتیاران بە درێژایی رۆژانی هەفتە و بۆ ماوەی 24 كاتژمێری رۆژانە.