پزیشكیان دەگەڕێتەوە بۆ تاران

پاش سەردانە سێ رۆژییەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆك كۆماری ئێران بگەڕێتەوە بۆ تاران.

رۆژی چوارشەممە مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران لە بەغدادەوە یەكەم گەشتی دەرەوەی وڵاتی خۆی دەستپێكرد و تیایدا چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق ئەنجامدا.

لە دووەم رۆژی سەردانەكەشیدا پزیشكیان گەیشتە هەولێر و كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی لەگەڵ هەردوو سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، بەر لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك و بەرپرس و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی هەرێم.

نیوەڕۆی هەمان رۆژ سەرۆك كۆماری ئێران لە سەردانێكی مێژوویدا گەیشتە سلێمانی و لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازیكرا، پاشان بەرەو مەزاری سەرۆك مام جەلال بەڕێكەوت و تیایدا سەرەڕای دانانی تاجەگوڵینەی رێز و وەفا، لە دەفتەری یاداشتەكانیدا ئاماژەی بە رۆڵ و تێكۆشان و كاریگەریییەكانی سەرۆك كۆماری كۆچكردووی عێراق لە شۆڕش و پاش شۆڕشدا كرد.

پاشان لە دەباشان هەریەك لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی و مەسعود پزیشكیان، سەرۆكی ئێران بە ئامادەبوونی وەفدی هەردوولا كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.

دوای ئەو كۆبوونەوەیەش پزیشكیان كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق بەمەبەستی بەسەركردنەوەی پارێزگاكانی نەجەف و كەربەلا گەڕایەوە.

بڕیارە ئەمڕۆش لە دواهەمین رۆژی سەردانەكەیدا سەرۆك كۆماری ئێران سەردانی بەسڕە بكات و دواتریش بە یاوەری وەفدی هاوەڵی بەرەو تاران بگەڕێتەوە.

بابەتی پێشتر

هەندێك نیشانە لە چاودا ئاماژەن بۆ نەخۆشیی مەترسیدار

بابەتی دواتر

داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە ئاشكرادەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share